کوردستان
لەسەر شەقامێکی وان بە زمانی کوردی نووسراوە 'پێشی پەیا' وەکو ئاماژە بۆ هێڵەکانی پەڕینەوەی پیادە.
رووداو دیجیتاڵ
گەورەشارەوانیی وان زمانی کوردیی بۆ رێنماییەکانی هاتووچۆ لە شەقام و رێگەوبانەکاندا زیاد دەکات.
لەم چوارچێوەیەدا تیمەکانی سەرۆکایەتیی فەرمانگەی گواستنەوە بەردەوامن لە کارکردن لەسەر دانان و نووسینی هێماکانی رێگاوبان و هاتووچۆ لەسەر شەقامەکان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی.
لە شەقامی مەهمەت ئەفەندی لە ناوەندی شار، لەسەر شەقام هۆشداریی وەک 'پێشی پەیا' بۆ پیادە و 'هێدی' بۆ شۆفێران زیادکرا.
ئۆزنور ئەڤین، ئەندامی کۆمیسیۆنی گواستنەوەی ئەنجوومەنی گەورەشارەوانیی وان رایگەیاند، لە چوارچێوەی داواکاری گشتیدا دەستیان بەو کارانە کردووە و گوتی: "پێمانوایە ئەو جۆرە هەنگاوانە لە چوارچێوەی شارەوانیی فرە زمانی گرنگن. تابلۆی کوردی و تورکی سەرنجی شۆفێران و پیادەکان رادەکێشێت و پابەندبوون بە یاساکانی هاتووچۆ زیاتر دەکات".
ئۆزنور ئەڤین ئاماژەی بەوەدا لەسەرجەم شەقام و کۆڵانەکان رێنمایی و هۆشدارییەکانی هاتووچۆ بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی دەنووسن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ