کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: رەنگە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ئەوەندە زوو بکرێت، سوپرایز بێت

19-07-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکی کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت، وەڵامی نووسراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیان داوەتەوە و ناتوانن لە یەک رۆژدا هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەببەن؛ دەشڵێت، "هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبەین، بەڵام ئێستا گفتوگۆ دەکەین بۆ ئەوەی رۆژێک دیاری بکەین کە دەکرێت زۆر نزیک بێت، چونکە ئێستا زیاتر لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق گرنگی بە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دەدەین." 
 
رۆژی چوارشەممە 19-07-2023، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وەڵامی نووسراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانمان داوەتەوە و ناتوانین لە یەک رۆژدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببەین."
 
عیماد جەمیل گوتیشی، "بڕیار دراوە کە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەڕێوە ببەین. ئێستا سەرقاڵی دیاریکردنی رۆژێکین بۆ هەڵبژاردن کە رەنگە ئەوەندە نزیک بێت سوپرایز بێت. لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەو بارەوە لەسەر هێڵین و بەمزووانە کۆبوونەوەمان بۆ تاوتوێکردنی ئەو بابەتە دەبێت، چونکە ئێستا زیاتر لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان گرنگی بە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دەدەین." 
 
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستاوە کار بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دەکەن و بنکەکان کراونەتەوە بۆ تۆمارکردنی داتای دەنگدەران.
 
بە گوتەی عیماد جەمیل، لە وەڵامی نووسراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا داوای هەندێک شتی بنەڕەتییان کردووە کە بۆ هەڵبژاردن پێویستیانن، لەوانە یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان و دەشڵێت، "تاوەکو ئێستا بەدەستمان نەگەیشتووە و گرنگترین شتە بۆ هەڵبژاردن؛ هاوکات میکانیزمی هەڵبژاردنی فەرمانبەران؛ بودجەی پێویست و هەموو ئەوانەی پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە هەیە داوامان کردووە."
 
رۆژی 10ی تەممووز، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و تێیدا داوای کرد، ئەگەر ناتوانن 18-11-2023 هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەڕێوەببەن، ئەوە رۆژی 18ی کانوونی یەکەم و لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانیش بەڕێوەببەن.
 
رۆژی هەینی رابردوو فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، رۆژی 7ـی کانوونی دووەمی 2024 وادەی کاری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆتاییدێت، "ئەگەر کۆمیسیۆن توانای ئەوەی نەبێت لەگەڵ هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، دەبێت چاوەڕێ بکرێت پەرلەمانی عێراق کۆمیسیۆنێکی دیکە هەڵبژێرێتەوە و ئەوەش دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات." 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.