رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، "بەمنزیکانە بەنداوی گۆمەسپان تەواو دەبێت و بەوەش دەبێتە گەورەترین بەنداو لە هەولێر؛ لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش دوای بەنداوی دووكان و دەربەندیخان دەبێتە سێیەم گەورەترین بەنداو."
ا
رۆژی دووشەممە، 19-06-2023 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەنداوی گۆمەسپان، یەكێكە لە پرۆژە ستراتیژییە گرنگەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان. بەنداوەکە بۆ گەشتیاری، گلدانەوەی ئاو و كەشوهەوای هەولێر سوودی زۆری هەیە."
بە گوتەی ئومێد خۆشناو، بەنداوی گۆمەسپان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش دوای بەنداوی دووكان و دەربەندیخان دەبێتە سێیەم گەورەترین بەنداو.
تێچووی دروستکردنی بەنداوی گۆمەسپان 95 ملیار دینارە؛ قووڵییەکەی 70 مەتر و درێژییەکەشی 512 مەترە. ئومێد خۆشناو دەڵێت، "دەتوانێت 115 ملیۆن مەتر سێجا ئاو کۆبکاتەوە. یەکەمجاریشە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، کۆنکرێتی جۆری ئارسیسی لە پرۆژەی دروستکردنی بەنداودا بەکاردەهێنرێت کە لەم بەنداوەدا بەکارهێنراوە."
بەنداوی گۆمەسپان لەسەر رووبەری 6 ملیۆن 125 هەزار مەتر دووجا دروستدەکرێت. پارێزگاری هەولێر دەڵێت، ئێستا شەو و رۆژ کاری تێدا دەکرێت و بەمنزیکانەش تەواو دەبێت و ئەو کاتەش "رۆڵی زۆری لە پاراستنی سامانی ئاو، بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی دەبێت؛ هەروەها دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هەولێر و کەرتی گەشتیاریی ناوچەکە دەبووژێنێتەوە."
پرۆژەی بەنداوی گۆمەسپان بە دووری 35 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژھەڵاتی شاری ھەولێر؛ لە 20ی ئابی 2013 دەست بە کارکردن تێیدا کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ