بازرگانە عەرەبەکە بۆ کاسبکارانی عەلوەی سلێمانی: پارەی کەستان ناخۆم

19-06-2023
نازەنین گۆران
دووکانێکی فرۆشتنی سەوزە و میوە لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دووکانێکی فرۆشتنی سەوزە و میوە لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بازرگانێکی عەرەب بەوە تۆمەتبار دەکرێت، کە بایی یەک ملیار دینار سەوزە و میوەی بە قەرز لە عەلوەی سلێمانی کڕیوە و خۆی "ونکردووە"، بەڵام بازرگانەکە دڵنیایی دەداتە کاسبکارانی عەلوەکە و دەڵێت، پارەی کەس ناخوات و بۆیان دەگەڕێنێتەوە.
 
رۆژی دووشەممە 19-06-2023، سەروەر عەلی، سەرۆکی لیژنەی سەندیکای کشتوکاڵیی عەلوەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کەسە و چەند کەسێکی دیکە لە 2012ەوە لە عەلوەی سلێمانی کاردەکەن، رۆژانە لە عەلوە سەوزە و میوەیان بە قەرز کڕیوە و لە بازاڕەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق ساخیان کردووەتەوە."
 
ئەو بازرگانە نیشتەجێی شاری سلێمانییە و ساڵانێکە سەوزە و میوە لە عەلوەی سلێمانی دەکڕێت و هەناردەی شارەکانی عێراقی دەکات.
 
بەگوتەی سەروەر عەلی، ئەو بازرگانە لە زۆربەی دووکانەکانی عەلوەی سلێمانی سەوزە و میوەی بە قەرز بردووە. بە خاوەنی قەرزەکانی گوتووە کە دوای جەژن دێتەوە و قەرزەکانی دەهێنێتەوە، بەڵام سەروەر عەلی بە گومانە و دەڵێت: "بەگوێرەی ئەو پارە زۆرەیەی لەلایەتی پێ ناچێت بگەڕێتەوە."
 
پۆلیسی و ئاسایشی سلێمانی داوایان لە سەرۆکی لیژنەی سەندیکای کشتوکاڵیی عەلوەی سلێمانی کردووە کۆی گشتیی پارەکە و زانیاریی تەواو لەبارەی ئەو کەسەیان رادەست بکەن. سەروەر عەلی دەڵێت، "ئەوە یەکەمجار نییە پارە لە خاوەن دووکانەکانی عەلوەی سلێمانی ببرێت."
 
بەگوێرەی پەیامێکی دەنگی کە ئەو بازرگانە عەرەبە بۆ یەکێک لە کاسبکارانی عەلوەکەی بە ناوی حاجی عەتا ناردووە، دەڵێت، خەڵکێکی زۆر پەیوەندی پێوە دەکەن، وەڵامی زۆربەیان دەداتەوە. بەهۆی زۆری پەیوەندییەکانیش ناچار بووە مۆبایلەکەی دابخات.
 
ئەو بازرگانە هۆکاری نەگەڕاندنەوەی قەرزەکان لە کاتی خۆیدا بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە پارەیەکی زۆری لەلای خەڵکە و بۆی ناگەڕێننەوە. بازرگانەکە دەڵێت، 10 ساڵە لە سلێمانی کار دەکات و کاتێک هاتووەتە سلێمانی 500 ملیۆن دیناری لەگەڵ خۆی هێناوە. 
 
سەبارەت بە کاتی گەڕاندنەوەی قەرزەکە، بازرگانەکە دەڵێت: "خەڵکی سلێمانی دەرفەتم پێ بدەن لە کەسوکاری خۆم قەرزبکەم، بەڵام ئارام ناگرن، بەخوا ئەمڕۆ لەگەڵ نزیکەی 30 بۆ 40 کەس قسەم کرد و دواتر هەر خۆیان دوای 10 خولەک پەیوەندی دەکەنەوە. چەند کەسێک بابەتەکەیان قبووڵ کردووە و دەڵێن پشت بە خوا پارەکە بهێنەوە، بەخوا پارەیان ناخۆم، یەک دیناریان ناڕوات، بەڵام ئیتر بە بارودۆخێک تێپەڕبووین، منیش خەڵک مافی خواردووم."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە