رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 50٪ لێخۆشبوون لە سزای سەر پارێزەران، کۆمپانیاکانی بەدواداچوونی کاروباری نشینگە، ڤیزا و کۆمپانیاکانی دیکە دەکات، کە کۆدی ڤیزایان بەر لە 31-12-2023 راگیراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەو بڕیارەی راگەیاند.
هەر بەو مەبەستە، وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئەو مەبەستە چەند رێنماییەکی دەرکردووە، کە ئەمانەی خوارەوەن:
مادەی یەکەم: لێخۆشبوون لە گشت پارێزەر و کۆمپانیاکانی بەدواداچوونی کاروباری نشینگە، ڤیزا و کۆمپانیاکانی دیکە، ئەوانەی کۆدی ڤیزایان راگیراوە بەهۆی دیارنەبوونی چارەنووسی ئەو کەسە بیانییانەی کە لەسەر ناویان هاتوونەتە هەرێمی کوردستان بە رێژەی 50٪ لەو بڕە پارانەی کە لەسەر کۆدیان کەڵەکە بووە.
مادەی دووەم: پێویستە لەسەر گشت خاوەن کۆدەکان لە ماوەی 90 رۆژ لە دەرچوونی ئەم بەیانە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ڤیزا بکەن لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بەمەبەستی پێدانی ئەو بڕە پارانەی کە لە مادەی یەکەمی سەرەوە ئاماژەی پێکراوە.
مادەی سێیەم: ئەگەر خاوەن ئەو کۆدانە دوای تێپەڕبوونی 90 رۆژ پاکانەی ئەو بڕە پارانەی کە لە مادەی یەکەمی سەرەوە ئاماژەی پێدراوە نەکات، ئەوا کۆدەکانیان بەشێوەی یەکجاری دادەخرێت و بڕی ئەو بارمتانەی کە لە بەرامبەر وەرگرتنی کۆد داناوە دەبێتە داهاتی کۆتایی بۆ گەنجینەی هەرێمی کوردستان.
مادەی چوارەم: خاوەن ئەو کۆدانەی مادەی سێیەمی سەرەوە کە خۆیان یەکلایی نەکردەوە، ئەوا دەنێردرێن بۆ فەرمانگەی جێبەجێکردن لە وەزارەتی داد بەمەستی پێدانی جیاوازی لەنێوان ئەو بڕە پارانەی کە کراوە بە داهاتی کۆتایی کە لە مادەی سێیەم ئاماژەی پێدراوە و لەو بڕە پارەی کە لە گرێبەستی پێدانی کۆدی ڤیزا لە ئەستۆیان دەمێنێتەوە، کە بۆ هەر کەسێکی بیانی کە چارەنووسی نادیارە پێویستە بڕی دوو ملیۆن دینار بدات.
مادەی پێنجەم: خاوەن ئەو کۆدانەی کە بەپێی ئەم بەیانە خۆیان یەکلایی دەکەنەوە کۆدەکانیان ئاسایی دەکرێتەوە و دەتوانن کاری خۆیان دەست پێبکەنەوە و تەنیا بۆ یەکجار سوودمەند دەبن لەم لێخۆشبوونە، لە ئەگەری نادیاربوونی چارەنووسی کەسی بیانی کۆدەکانیان بەپێی رێنمایی رادەگیرێت.
مادەی شەشەم: ئەو بڕە پارانەی کە لەم بەیانە ئاماژەی پێدراوە دەخرێتە سەر ئەژمێری تایبەت بە ڤیزا.
مادەی حەوتەم: ئەم بەیانە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت و هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە کۆدەکانیان تاوەکو 23-12-2023 راگیرابوو و لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ