رووداو دیجیتاڵ
دەستەیەکى نوێ بۆ چاودێرى چالاکى ئەتۆمى لە عێراق دروست دەکرێت، کە بەگوێرەى یاساکە، هەموو جۆرە چالاکییەکى بێ مۆڵەتى ئەو بوارە قەدەخە دەکرێت لەوانە هاوردە و هەناردە و گواستنەوەى مادە ئەتۆمییەکان کە سزاى لەسەرە و تووندترینى زیندانى تاهەتایی و پێبژاردنى 100 ملیۆن دینارە.
پەرلەمانى عێراق لە 16ـی تشرینى یەکەمى 2023، یاسای دەستەى نیشتمانى بۆ چاودێریی ئەتۆمى و تیشکدەر و کیمیایی و بایۆلۆژى پەسند کرد، بۆ پێکهێنانى ئەو دەستەیە، کە سەر بە ئەنجوومەنى وەزیران و نووسینگەى سەرەکى لە بەغدا دەبێت و دەشتوانێت لق لە هەرێم و پارێزگاکان بکاتەوە.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لێژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە دواى بڵاوکردنەوەى یاساکە لە رۆژنامەى وەقائعیى عێراقى دەستەى نیشتمانى چاودێریی ئەتۆمى دروست دەکرێت و ئەو لقانەش کە لە پارێزگا و هەرێمەکان دەیکاتەوە، دواتر رێنمایی شێوازى کارکردن و دەسەڵاتەکانیان دیاریدەکرێن.
بەگوێرەى یاساکە ئەرکى سەرەکى ئەو دەستەیە چاودێریکردنى هەموو چالاکییەکانى پەیوەست بە مادەى ئەتۆمى، تیشکدەر، کیمیایی و بایۆلۆژى دەبێت لەوانە دروستکردن، هاوردە و هەناردە و دابەشکردن و کڕین و فرۆشتنى ئەو مادانە.
دارا سێکانیانى گوتى، "زۆرترین مشتومڕ لەسەر ئەو یاسایە لەبارەى ئەوە بوو کە سەر بەکوێ بێت، بەشێک لە پەرلەمانتاران داوایان دەکرد کە سەر بە وەزارەتى ژینگە بێت، بەڵام دواتر بڕیاردرا سەر بە ئەنجوومەنى وەزیران بێت."
لە یاساکەدا هاتووە، ئامانج لە دەرکردنى یاساکە هێنانەکایەى ئاسایش و ئارامییە لە بوارى بەکارهێنانى مەدەنیانەى وزەى ئەتۆم بەگوێرەى بنەما و پێوەرەکانى ئاژانسى نێودەوڵەتیى وزەى ئەتۆم.
بەگوێرەی یاساکە نابێت هیچ دامەزراوەیەک بخرێتەکار بۆ مادەى تیشکدەر یان گواستنەوە و فرۆشتن، هەروەها کڕین یان هەناردە و هاوردەکردنى ئەو مادانە بەبێ وەرگرتنى مۆڵەت قەدەخەیە. جگە لەوەش نابێت هیچ پاشماوەیەکى تیکشدەر هاوردە بکرێت.
هەر چالاکییەکى لەو جۆرە بەبێ وەرگرتن، سزای بۆ دانراوە، کە تووندترینیان دەگاتە بەندکردنى تاهەتایی و پێبژاردن بە بڕى 100 ملیۆن دینار.
بەرنامەى ئەتۆمى عێراق لە لێک تێگەیشتنێکەوە دەستیپێکرد، کە لە 17ـی ئابى 1959 حکومەتى ئەوکاتى عێراق لەگەڵ یەکێتى سۆڤێتى پێشوو واژوی کرد، لەسەر ئەو بنەمایەش وێستگەیەک لە ساڵى 1968 دامەزرێندرا، بەڵام بەهۆى ئابڵوقەى ئابوورى ساڵى 1990 و بڕیارەکانى ئەنجوومەنى ئاسایش بەرنامەى ئەتۆمیى عێراق پوکایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ