شاخەوان عەبدوڵڵا: 100 واژۆمان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بخرێتە سەر خەرجیی سیادی

16-10-2023
پەیمان محەممەد
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
نیشانەکردن عێراق پەرلەمانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، واژۆیان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی بابەتی مووچەی خەڵکی کوردستان لە خەرجیی کردەیی جیا بکرێتەوە. گوتیشی، پڕۆژەی پووچەڵکردنەوەی بڕیارەکانی رژێمی بەعس خرایە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 16-10-2023، لیژنەی مادەی 140ـی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە هاوکات سەرۆکی لیژنەکەیە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، کۆمەڵێک بابەتی نوێ لە بەرنامەی کاری لیژنەی مادەی 140ـدا باسکران، ''یەکێک لە بابەتەکان بانگهێشتکردنی ئێزدییەکان بوو کە بەهۆی بڕیارەکانی رژێمی پێشوو زەرەرمەند بوونە و زەوییەکانیان داگیرکراوە، هەندێکیان زەوییەکانیان بۆ گەڕاوەتەوە، بەڵام هێشتا ناتوانن بەکاریبهێنن.''
 
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، "ئێزدییەکان باسی کێشەکانی خۆیان کردووە کە تاوەکو ئێستاش دۆخی شنگال زۆر خراپە و خەڵک هەیە دەستی بەسەر زەوییەکانیاندا گرتوون" گوتیشی، ''گەنگەشەی ئەم بابەتە کرا و بڕیاری پێویستیشی لەسەر درا.''
 
بەگوێرەى مادەى 140ـی دەستوورى عێراق، دەبێت دەسەڵاتى جێبەجێکردن، هەنگاوە پێویستەکانى جێبەجێکردنى مادەى 58ـی یاساى کارگێڕى دەوڵەتى عێراق بۆ قۆناخى گواستنەوە بگرێتەبەر بە هەموو بڕگەکانییەوە کە بریتین لە قۆناخەکانى ئاساییکردنەوە، سەرژمێرى، راپرسی لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانى دیکە.
 
لە یاساى بودجەى گشتیی عێراق، 204 ملیار دینار لە قۆناخی یەکەمی جێبەجێکردنی مادەی 140 تەرخانکراوە کە بۆ قەرەبووکردنەوەیە، سەرۆکی لیژنەی مادەی 140ـی پەرلەمانی عێراق گوتی، ''ئەو مەلەفانەی کە تەواوکراون، نزیکەی چوار هەزار مامەڵەن، لە کۆبوونەوەکە گەنگەشەیان لەسەر کرا و لیژنەکەش بەدواداچوون بۆ ئەوە دەکات کە بەردەوام پارەیان بۆ خەرج بکرێت.'' 
 
وەک شاخەوان عەبدوڵڵا باسی کرد، "تاوەکو ئێستا 44 ملیار دینار لە کۆی ئەو 204 ملیار دینارە خەرجکراوە و'' دەبێ هەوڵبدەین بەر لە کۆتایی ساڵی بودجە (سەنەی خیتامی) بڕە پارەکەی دیکەش بخرێتە سەر هەژماری لیژنەی مادەی 140ـی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی مامەڵەکان خێراتر بڕۆن.''
 
شاخەوان عەبدوڵڵا، گوتیشی، لە کۆبوونەوەکەیاندا باسی راگرتنی سەرجەم ئەو پڕۆژە وەبەرهێنانە کرا کە لەسەر زەوییەکانی سنووری مادەی 140 دەکرێن، ''پێشتریش ئێمە لە رێگەی حکومەتەوە نووسراوێکمان ئاراستەی کەرکووک کرد، ئێستاش وا دەکەین گشتاندن بۆ ئەم نووسراوە بکرێت کە تاوەکو ئەو کاتەی زەوییەکان دەگەڕێنەوە بۆ خاوەنە راستەقینەکانیان، کار لەسەر هیچ پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان نەکرێت.''
 
مانگی حوزەیرانی2023، هێزێکی سوپای عێراقی بە سەرکردایەتیی فەرماندەیی فیرقەی سوپا لەو ناوچەیە، چوونە گوندی تۆپزاوا و ژمارەیەک رووپێویان لەگەڵ خۆیان برد و رووپێویی زەوییەکانیان کرد، بۆ ئەوەی ئەم ساڵ یەکەی نیشتەجێبوون و شوێنی سەربازیی لێ دروستبکرێت تایبەت بە سەربازانی سوپای عێراق لەو ناوچەیە.
 
دواتر جووتیارانی کورد و تورکمانی تۆپزاوا مانگرتنیان راگەیاند و داوایان کرد ئەو زەوییانەی بە موڵکی خۆیانی دەزانن بگەڕێندرێنەوە بۆیان، چونکە ئەوان خاوەنی رەسەنیان و لە سەردەمی پێشوودا لێیان وەرگیراوەتەوە.
 
تۆپزاوا دەکەوێتە باشووری کەرکووک و دانیشتووانەکەی کوردن و خاوەنی رەسەنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکەن، سوپای عێراق چەند جارێک داوای لێکردوون نەک تەنیا واز لە زەوییەکانیان بهێنن، بەڵکو گوندەکەش چۆڵ بکەن.
 
ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون کە بڕیاربوو دروستبکرێن، بەشێکیان دەکەونە سنووری گوندەکە و هەندێکیان لەنێو ماڵەکانی گوندەکە دروستدەکرێن کە بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی رژێمی پێشووی عێراق ئەو هەوڵە دەدرێت.
 
شاخەوان عەبدوڵڵا لەوبارەوە گوتی، ''لە کۆبوونەوەکەمان باس لە بابەتی پڕۆژەی پووچەڵکردنەوەی بڕیارەکانی رژێمی بەعسیش کرا و خرایە بەرنامەی کاری پەرلەمان، لە هەفتەی داهاتوودا مادەکان بڕگە بە بڕگە دەخوێندرێنەوە و گەنگەشەی تەواویان لەسەر دەکرێت.''
 
وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لەسەر ئەو بابەتە دیداریان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێت و ''بڕیاری میوانداری لە پارێزگارەکانی سنووری مادەی 140 درا، بڕیارمان دا وەزیری شارەوانی بانگهێشت بکرێت، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی قەرەبوو دەکرێنەوە، لەبری 10 ملیۆن دینارەکە پارچەیەک زەوییان پێ بدرێت.''
 
بەگوێرەى ئەو زانیاریانەى تۆڕى میدیایی رووداو، لە چەند سەرچاوەیەکى جیاوازەوە دەستى کەوتوون، ئێوارەى رۆژی سێشەممە 17ـی تشرینى یەکەمى 2023 شاندى دانوستاندنکارى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەگاتە بەغدا و رۆژى دواتر کۆبوونەوەکانی دەستپێدەکات.
 
بەگوێرەى زانیارییەکان، شاندەکە هەمان ئەو شاندە تەکنیکییە دەبێت کە پێشتر سەردانى بەغدایان کردووە و گفتوگۆیان لەگەڵ شاندى دانوستاندنکارى حکومەتى فیدراڵی کردووە.
 
بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، نزیکەی 100 واژۆیان لە پەرلەمانی عێراق کۆکردووەتەوە و رەزامەندیی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیان وەرگرتووە و داواکارییەکەیان رەوانەی حکومەت کراوە، ''بۆ ئەوەی بابەتی مووچەی خەڵکی کوردستان لە خەرجیی کردەیی جیا بکرێتەوە و هاوشێوەی شارەکانی دیکە بخرێتە سەر خەرجیی سیادی."
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، ''بە هەر شێوەیەک بێت دەبێ بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی  هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت.''
 
16ـی تشرینى یەکەم، هونەر جەمال، گوتەبێژى وەزارەتى دارایی و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند، ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان لەو شاندەدا دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.