رووداو دیجیتاڵ
گەشتی عومرە لە رێگەی فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە زیادی کردووە. فڕۆکەخانەکە دەڵێت، پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی، کاریگەری لەسەر زیادبوونی گەشتەکانی عومرە لە فڕۆکەخانەیان هەبووە.
هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی کەرکووک، رۆژی دووشەممە، 7ی نیسانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی لە فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکان لە رێگەی فڕۆکەخانەی کەرکووک زیادی کردووە بەتایبەتی گەشتی عومرە."
رۆژی چوارشەممە، 11-12-2024، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک فرۆشتنی دۆلار کرایەوە بۆ سەرجەم گەشتیاران بە نرخی فەرمی 132 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی کەرکووک ئاماژەی بەوەکرد، لە مانگی رەمەزاندا هەفتانە حەوت گەشتی عومرە هەبوو، دوێنێ دوو گەشتی عومرە لە رێگەی فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە کراون.
هەردی سەمەد گوتی: "گەشتیار لە فڕۆکەخانەی کەرکووک سوومەند دەبێت لە دۆلار بە نرخی فەرمی، کە دەتوانێت سێ هەزار دۆلار وەربگرێت، بەوەش نزیکەی 400 هەزار دیناری بۆ دەگەڕێتەوە، ئەوەش وایکردووە ئێستا خەڵک زیاتر روو لەوە بکەن لە رێگەی فڕۆکەخانەی کەرکووک گەشتی عومرە بکەن."
رۆژی 16ـی ئۆکتۆبەری 2022 بە ئامادەبوونی ناسر حوسێن، وەزیری گواستنەوە و شاندێکی حکومەتی عێراق لە رێوڕەسمێکدا فڕۆکەخانەی کەرکووک کرایەوە. یەکەم گەشتی نێودەوڵەتیی فڕۆکەخانەکە لە هەمان مانگدا بۆ تورکیا بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ