خوێندنی باڵا: ئامادەکاریی تەواو بۆ راگەیاندنی خولێکی دیکەی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا کراوە

07-04-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، هەموو زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ئامادەکاریی تەواویان کردووە بۆ وەرزی نوێی خوێندنی دیپلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا.
 
رۆژی دووشەممە، 7ـی نیسانی 2025، د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ساڵانە لە مانگی شوبات یان مانگی ئەیلوول، وەرزی نوێی خوێندنی دیپلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا رادەگەیێندرێت، بەڵام مانگی شوبات ئامادەکارییەکان تەواو نەبوون، پێدەچێت بکەوێتە مانگی ئەیلوول."
 
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی: "کاری پێویست بۆ ئامادەکردنی پلانەکە کراوە، تەنیا یەک دوو زانکۆ ماون ئامادەکارییەکانیان پێشکێش بکەن، دوای ئەوە لەلایەن ئەنجوومەنی زانکۆکانەوە پەسند دەکرێت و رادەگەیێندرێت."
 
سەبارەت بە ژمارەی کورسییەکانی خوێندنی باڵا بۆ ئەم ساڵ، د. توانا نەجەف گوتی، "ساڵانە ژمارەی کورسییەکان بەپێی توانای وەرگرتنی زانکۆکان دەگۆڕێت و جێگیر نییە، سەیری زانکۆکان دەکەین تاوەکو بزانین توانای وەرگرتنیان چەندە."
 
ئامادەکردنی ئەو پلانە بۆ وەرزی نوێی خوێندنی 2025-2026ـ. بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی خوێندنی باڵا دەڵێت، "دوای راگەیاندنی کورسی، ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان و تەواوکردنی هەموو رێکارەکان، لە ساڵی داهاتوو وەرزی نوێ دەستپێدەکات."
 
بە گوتەی د. توانا نەجەف، ئەوانەی مامۆستای گرێبەستن، ئەگەر لە کاتی بەگرێبەستبوونیان خوێندکاری خوێندنی باڵا بووبن، دەتوانن داوای دواخستنی گرێبەستەکانیان بکەن تاوەکو درێژە بە خوێندنەکانیان بدەن، بەڵام ناتوانن درێژە بە گرێبەستەکەیان بدەن و لە هەمان کاتدا بخوێنن."
 
بۆ وەرزی خوێندنی 2024-2025، وەزارەتی خوێندنی باڵا زیاتر لە 7000 کورسیی راگەیاند کە پێکهاتبوون لە: 2308 کورسیی دیپلۆمی باڵای یەک ساڵە، 160 دیپلۆمی باڵای دوو ساڵەی پزیشکی، بۆ خوێندنی ماستەر 3312 کورسی، هەروەها بۆ خوێندنی دکتۆرا 1834 کورسی.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە