رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی حەوتەم بەشە ئاردی ئەمساڵ دەکرێت.
رۆژی دووشەممە 18-09-2023 نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شەشەم بەشە ئارد لە هەموو پارێزگا و ئیدارەکان دابەشکراوە، رەنگە لە هەندێک شوێن هێشتا دابەشکردن تەواو نەبووبێت، بەڵام هیچ کێشەیەک نییە و هاونیشتمانی دەتوانێت سەردانی بریکارەکان بکات و وەریبگرێت."
لەبارەی حەوتەم بەشە ئارد. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەم هەفتەیە سایلۆکان گەنم بۆ ئاشەکان دەنێرن و تاوەکو هەفتەی داهاتوو حەوتەم بەشە ئارد بەش بەش ئامادە دەبێت و هاونیشتمانیان دەتوانن سەردانی بریکارەکانیان بکەن و ئاردەکانیان وەربگرن. بەوەش ئێمە لەگەڵ عێراقین لە دابەشکردنی ئارد."
بۆ هەر بەشە ئاردێک 59 هەزار تۆن گەنم بۆ هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان پێویستە. نەوزاد شێخ کامیل لەبارەی کوالێتیی ئاردەکە دەڵێت، "بەشە ئاردی مانگی حەوتیش ئاردێکی باشە و تێکەڵەی گەنمی ئوسترالی، ئەمریکی و خۆماڵییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ