رووداو - سلێمانی
زەحمەتیی ژیان و قورسیی دەستکەوتنی پارە بۆ کڕینی پێداویستییەکانیان، نیڤشکانەکانی هەرێمی کوردستانی نیگەران کردووە.
سارای تەمەن 13 ساڵ یەکێک لەو منداڵانەی هەر لەدایکبووە نیڤشکانە، ئەو حەز و خولیای ئەوەیە دوای خوێندن ببێتە پزیشک و چارەسەری هاوشێوەکانی بکات، جگە لەوەی پێویستی بە زیاتر لە 100 هەزار دۆلارە بۆ چارەسەر و توانای دابینکردنی نییە، دواکەوتنی مووچە 150 هەزار دیناریەکەشی ژیانی قورستر کردووە.
سارا حوسێن، منداڵی نیڤشکان دەڵێت، "حەز دەکەم ببمە پزیشک بۆئەوەی بتوانم چارەسەری نیڤشکانەکان بکەم و ئەوانەی پارەیان پێ نییە من هاوکارییان بکەم، گەر مووچە نەبێت دۆخمان زۆر خراپە."
بەهار حوسێن، دایکی منداڵی نیڤشکان ئاماژە بەوە دەکات، "بە تەنیا ئەمڕۆ خۆم بە بەهای 100 هەزار دینار پێداویستیم بۆ ئەم کچەم کڕیوە، پارە نەبێت هیچ، دۆخمان زۆر خراپە، بۆیە دەبێت مووچە دوانەکەوێت."
300 نیڤشکانی سلێمانی، کە خراپیی بارودۆخی ژیان وایلێکردوون بە ئەستەم بتوانن پێداویستیی قوتابخانەی منداڵەکانیان دابین بکەن، چوونە باڵەخانەی یەکێتیی کەمئەندامان بۆئەوەی بەشێک لەو هاوکارییە وەربگرن کە سەرمایەدارێک بۆی دابین کردوون؛ لە هەرکامیان دەپرسیت، دنیایەک چیرۆکی سەختی ژیانی خۆیت بۆ باس دەکات.
بەفرین عەبدوڵڵا، نیڤشکان باسی لەوە کرد، "بێ پارەیی زەرەری ئەوەی لێداوم کە سێ مانگە پارەی موەلیدەم نەداوە، کرێ خانووم نەداوە، ناو سەلاجەکەمان یەک خواردنی تێدا نییە بیخۆین، بڕۆ سەیریکە، کاکە ئەوە کەی وەزعە."
سەرۆکی یەکێتیی کەمئەندامان دەڵێت، پێشنیازیان بۆ وەزیری دارایی کردووە، هەرچۆنێک بێت مووچەی نیڤشکان لە داهاتی ناخۆ بدرێت و هیچ کات دوانەکەوێت، بەڵام بێ وەڵام بووە.
سامان حوسێن، سەرۆکی یەکێتیی کەمئەندامان رایگەیاند، "دەمێکە لە بوار کەمئەندامان ئیش دەکەم، هیچکات وەکو ئێستا ئەوەندە دۆخمان خراپ نەبووە، ئەوە ناخۆشە کە مووچە وەردەگرێت 100 هەزار دینارە، دەبێت بەشی چی بکات؟ ئەمە کەی وەزع باشییە."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 90 هەزار نیڤشکان هەن، کە مووچەکەیان 100 بۆ 150 هەزار دینارە و لە دۆخێکی قورسی ژیاندان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ