وەزارەتی شارەوانی: لە هەولێر 130 شوێن بەهۆی بەکارنەهێنانی زمانی کوردی سزادراون

18-07-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی شارەوانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زیاتر لە 600 شوێنی بازرگانی بەهۆی بەکارنەهێنانی زمانی کوردی ئاگادار كراونەتەوە و نزیكەی 130 شوێنیش رێوشوێنی یاساییان لەگەڵدا گیراوەتەبەر. قایمقامی هەولێریش دەڵێت، "ئێستا هەر شوێنێک مۆڵەت وەربگرێت یان مۆڵەت نوێ بکاتەوە، ئەگەر زمانی کوردی، زمانی سەرەکیی نەبێت، مۆڵەتی پێ نادرێت یان بۆی نوێ ناکرێتەوە."
 
رۆژی سێشەممە 18-07-2023 وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "زمانی سەرەكیی هەر شوێنێكی بازرگانی لە هەرێمی كوردستاندا كوردی نەبێت، رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر خاوەنەکەی دەگیرێتەبەر، ئەمەش لەدوای بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە دەبێت بایەخی زیاتر بە زمانی كوردی بدرێت."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی شارەوانی، وەزیری شارەوانی نووسراوی فەرمیی بۆ دەستەی گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان کردووە و داوای کردووە رێوشوێنی یاسایی بگرنەبەر بۆ پابەندبوون بە بڕیارەکەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان.
 
وەزارەتی شارەوانی دەڵێت، "دەبێت نووسینی تابلۆ بە كوردی لە سەرجەم دامەزراوە حكومی و ناحكومییەكاندا هەبێت، هەروەها لە هۆتێل و شوێنە گەشتیاری و ریستۆرانتەكاندا دەبێت گرنگی بە زمانی كوردی بدرێت و لیستی خواردن، رێبەر و رێنوێنیییەكان بە زمانی كوردیش هەبن."
 
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەردەوامین لە بەسەرکردنەوەی رێستۆرانت، شوێنە گەشتیارییەکان و چێشتخانەکان؛ هەر شوێنێک زمانی کوردی بەکارنەهێنێت سزا دەدرێت، سزاکەش بەگوێرەی شوێنەکان دەگۆڕێت. دەسەڵاتمان هەیە لە یەک ملیۆن دینارەوە تاوەکو پێنج ملیۆن دینار سزایان بدەین". گوتیشی، "ئەو شوێنانەش کە سزا دەدرێن، ئەگەر پابەند نەبن، ئەوە شوێنەکانیان دادەخرێت تاوەکو رێنوێنییەکان جێبەجێ دەکەن."
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی شارەوانی، لە چەند مانگی رابردوودا تەنیا لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر زیاتر لە 600 شوێنی بازرگانی بەهۆی پابەندنەبوونیانەوە ئاگادار کراونەتەوە و پاش وەرگرتنی ماوەیەك مۆڵەت بۆئەوەی تابلۆكانیان بكەنە كوردی، زۆربەیان چاكیان كردووە و نزیكەی 130 شوێنیش بەهۆی پابەندنەبوونەوە رێوشوێنی یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر.
 
بە گوتەی قایمقامی هەولێر، دوای هەڵمەتەکانیان، گۆڕانکارییەکی زۆر دەبیندرێت لە رێستۆرانت، چێشتخانە و شوێنە بازرگانییەکان و زۆربەیان پابەندی زمانی کوردین و دەڵێت، "هەر شوێنێک ئێستا نوێ بێت و داوای مۆڵەت بکات، یاخود مۆڵەتی نوێ بکاتەوە، ناتوانێت مۆڵەت وەربگرێت، ئەگەر پابەندی بەکارهێنانی زمانی کوردی نەبێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.