رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر رایگەیاند، بەغدا بە نووسراو داوای لێکردوون، هەر کەسێک مووچەی مانگانەی لە دوو ملیۆن دینار زیاترە، بەشە خۆراکی مانگانەی ببڕدرێت، بەڵام بەهۆی کارکردن لەسەر سیستمی بەدیجیتاڵکردنی پسوولەی خۆراک، تائێستا کاریان بە نووسراوەکە نەکردووە.
لە مانگی ئایاری 2022دا وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری دا بەشە خۆراکی مانگانەی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە ببڕێت، کە مووچەیان لە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار زیاترە، بەڵام بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا و دواتر بۆ دوو ملیۆن دینار زیادکرا.
رۆژی سێشەممە 18-07-2023 سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "مانگێک زیاترە بەغدا نووسراویان کردووە و داوا دەکەن ئەو کەسانەی کە مووچەیان لە دوو ملیۆن دینار زیاترە بەشە خۆراکی مانگانەیان ببڕدرێت، بەڵام بەهۆی کارکردن لە سیستمی بەدیجیتاڵکردنی پسوولەی خۆراک، تائێستا کاری پێ نەکراوە و بەنیازین لەگەڵ تەواوبوونی ئەو سیستمە کار بەو بڕیارە بکەین، چونکە کارەکانمان ئاسانتر دەکات."
لەبارەی سیستمی بەدیجیتاڵکردنی پسوولەی خۆراک، سیامەند قادر گوتی، "لە 17ی ئایارەوە کارەکانمان راگیراوە و کار بۆ بەدیجیتاڵکردنی پسوولەی خۆراک دەکەین، دوێنێ شاندمان لە بەغدا بوو، دەڵێن، هێشتا لە بەغدا تەواو نەبووە و کە تەواو بوو راستەوخۆ دەست بە هەولێر دەکرێت، ئێستا پڕۆسەکە لە دهۆکیش دەستیپێکردووە."
پێشتر بڕیار درابوو هەر کەسێک مووچەی مانگانەی لە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار زیاتر بێت، بەشە خۆراکی مانگانەی ببڕدرێت، ئەو بڕیارە بۆ ماوەیەکی کاتییش جێبەجێ کرا و تاوەکو مانگی 12ی ساڵی پار ناوی نزیکەی 1125 کەس لە بەشە خۆراکی مانگانە بڕدرا.
بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر دەڵێت، "ئەو کەسانەی کە بەشە خۆراکیان بڕدرا و مووچەیان ملیۆنێک و 500 هەزار دینار بوو، دەتوانن پسوولەی خۆراکەکانیان و پشتگیری لە فەرمانگەکەی خۆیان بهێنن و ناویان زیاد دەکرێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ