کوردستان
سەردانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ دەروازەی سنووریی شوشمێ لە سنووری هەڵەبجە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەمنزیکانە مەرزی شووشمێ، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، بەڕووی گەشتیاراندا دەکرێتەوە.
رۆژی یەکشەممە 18-06-2023 لە سەردانێكدا بۆ پارێزگای هەڵەبجە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەروازەی سنووریی شوشمێی بەسەر کردەوە و رایگەیاند، "بەمنزیکانە مەرزەکە بە فەرمی بەڕووی گەشتیاراندا دەکرێتەوە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر بووژاندنەوەی ئابووریی هەڵەبجە و هەورامان دەبێت."
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە کۆبوونەوەی هەفتەیەک لەمەوبەری خۆی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی عێراق کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی، "بڕیارە بە هەماهەنگیی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق کار بۆ فراوانکردنی مەرزی شووشمێ لە سنووری تەوێڵە بکرێت."
لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکومەتدا هاتووە، لە ماوەیەکی نزیکدا گەشتیاران دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی خۆیان لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا هاتووچۆ بکەن.
رۆژی چوارشەممە 31-05-2023، شاندێکی هەرێمی کوردستان کە لە پارێزگارەکانی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی ژووری بازرگانیی پارێزگاکان و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان پێکهاتبوو، سەردانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیان کرد، لەو کۆبوونەوانە لەبارەی کردنەوەی دەروازەی سنووری، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەندیدار گفتوگۆ کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ