لە سۆران تابووتێک دەدۆزرێتەوە کە ئێسکوپرووسکی کەسێکی تێدا بووە و مێژووەکەی بۆ 1800 ساڵ دەگەڕێتەوە

18-05-2023
ئەندام جەبار
سێ تیمی شوێنەواری کنە و پشکنین بۆ گۆڕەکە دەکەن
سێ تیمی شوێنەواری کنە و پشکنین بۆ گۆڕەکە دەکەن
نیشانەکردن تابووت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە گوندی ماوانی سنووری شارۆچکەی سمیلانی دەڤەری باڵەکایەتی لە سۆران، تیمەکانی شوێنەوارناسی تابووتی کەسێکی کریستیانیان دۆزییەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزار و 800 ساڵ پێش ئێستا. سێ تیمی شوێنەواری کنە و پشکنین بۆ گۆڕەکە دەکەن.
 
عوسمان ئیبراهیم، دانیشتووی گوندەکەیە، 31 ساڵ پێش ئێستا گۆڕەکەی دۆزیوەتەوە و پاراستوویەتی، دەڵێت، "ئێمە لە 92 و 93  هاتینەوە ویستمان ئێرە بکەینە خانوویەک، بەڵام گەیشتینە ئەو گۆڕە، کە گەیشتینە گۆڕەکە ئێسکەکە دیاربوو، وەڵڵا راست دامان پۆشییەوە پاش ئەوکاتە من دیوارێکم لەسەر کرد گوتم با هیچ کەسێک دەستکاری نەکات هەر پاراستم."
 
گۆڕە دۆزراوەکە ئێسک و پروسکی مرۆڤی تێدایە. تابووتەکە لە شێوەی بەلەمێک دەچێت. هێما و ئاماژەی سەر تابووتەکە تیمەکانی گەیاندووەتە ئەنجامی باش لەبارەی مێژوو، رەگەز و ئایینی ئەو کەسەی لەنێو تابووتەکەدا نێژراوە. گومان دەکەن کەسەکە لەکاتی مردنیدا تەمەنی 18 ساڵ بووبێت.
 
ئەلیسیا کلۆیدج، شوێنەوارناسی ئیسپانی بە رووداوی راگەیاند، "هەڵدانەوەی ئەم گۆڕە دەستکەوتێکی گەورەیە، چونکە توانیومانە شوێنەواری بەخاکسپاردنەوەی جاری دووەمی لاوێکی نێر بدۆزینەوە. شتێکی زۆر باشە، چونکە ئێرە شارۆچکەیەکی کریستیانەکانە. چەند شوێنەوار و ئاسەوارێکمان دەستکەوتووە کە ئەوە نیشان دەدەن و دوو خاچمان دۆزیوتەوە، یەکێک لەسەر سەری ئێسکوپرووسکەکە دانرابوو، ئەوەی دیکەش لێرە."
 
لە رابردوودا لە سۆران و دەوروبەری زۆر شوێنی دیکەی شوێنەواری دۆزراونەتەوە، بەڵام یەکەم جارە تابووتی لەوشێوەیە بە ئاماژە و هێمای ئایینی دەدۆزرێتەوە. عەبدولوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران دەڵێت، تابووتی لەو شێوازە کە پەیڕەوی ئایینیی مەسیحیەت بێت، بۆ یەکەمجارە تەنانەت لەسەر ئاستی کوردستانی گەورەش دەدۆزرێتەوە.
 
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیاتر لە هەزار و 100 شوێنی شوێنەواری تۆمارکراون، گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوە و تۆمارکردنی شوێنی دیکەیش بەردەوامە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی بەفری وان. وێنە و ڤیدیۆ: AA

یەکەم بەفری ساڵ لە وان باری

تەواوی رۆژ لە پارێزگای وان بەگشتی و ناوچە شاخاوییەکاندا شەپۆلێکی بەهێزی لێزمەباران باری. تەوژمێکی بەهێزی سەرما و سۆڵە روویکردە شارۆچکەی ئیپەک یۆڵو کە لە دامێنی چیای ئەرەک-ە و یەکەم بەفری ساڵ تێیدا باری.