وردەکاریی کوژرانی چوار کەس لە لایەن پیاوێکەوە لە کۆیە: بکوژ نەیدەهێشت ژن و کچەکانی بچنە دەرەوە

18-05-2023
عەدنان رەشید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پیاوێکی تەمەن 63 ساڵ لە شاری کۆیە دەستڕێژیی گوللە لە ماڵەکەی خۆی دەکات، هاوژین و دوو کچی خۆی دەکوژێت و کوڕێکیشی بە برینداری هانا بۆ دراوسێیەکەیان دەبات کە دووکاندارە، پیاوەکە دەستڕێژیی گوللە لە دراوسێیەکەشیان دەکات و ئەویش دەکوژێت. تۆمەتبارەکە هەر بەوە نەوەستا، رووبەڕوبووی هێزە ئەمنییەکانیش بووەوە، بەڵام ئەوان توانیان دەستگیری بکەن.
 
لە دوای رووداوەکە وا بڵاوکرایەوە کە ماڵی نێوبژیکارەکە (سیامەند عەباس) هەڕەشەیان لە ماڵی تۆمەتبارەکە کردووە، بەڵام رۆژی چوارشەممە، 17-05-2023، سەبیحە مستەفا، کە ئامۆزای سیامەند عەباسە کە دووکاندارە لە بەرنامەی بەرپرسیار، رەتیکردەوە هەڕەشەیان لە کەسوکاری ماڵی تۆمەتبار کردبێت و گوتی: "ئەمڕۆ پرسەمان دانا و هیچ لایەنێکی کەسوکاری کوژراوەکان هەڕەشەیان لە یەکدی نەکردووە، هیچ کێشەمان لەگەڵ ماڵی تۆمەتبار نەبووە. ئێمە ناڵێین بە ئەنقەست بووە، بەڵکو رووداوەکە قەزا و قەدەرە.

 

سەبیحە مستەفا سەرەتای رووداوەکەی بەمشێوەیە گێڕایەوە و گوتی: "لە دەرەوە دەنگی تەقەیەکی زۆر هات، چوومە دەرەوە قەرەباڵخ بوو بینیم ئامۆزاکەم لەنێو دووکانەکەی کەوتووە و شەش گوللە بەر سەر و سینگی کەوتووە. تەرمی ئامۆزاکەمان لەنێو دووکانەکەی دەرهێنا". 

سەبیحە مستەفا لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا باسی لەوە کرد کە بکوژ نەیدەهێشت هاوژین و کچەکانی بچنە دەرەوە و خەڵک تەنیا لە رۆژانی جەژندا دەچوونە ماڵیان، ئەویش نەدەچوونە ژوورەوە و لەبەر دەرگا دەگەڕانەوە. دەشڵێت، 20 ساڵە دراوسێی ماڵی ئەو بکوژەن، بەڵام هیچکات چاوەڕێی کارێکی وەهایان لێ نەدەکرد.

 

 
ئامۆزای دووکاندارە کوژراوەکە 20 ساڵە دراوسێی ماڵی تۆمەتبارن و دەڵێت، "هەرگیز دراوسێی وەها ئەمین و ئەمانەتم نەبینیوە، پیاوێکی زۆر بەڕێز و بوو، قەت نەمبیستووە لەگەڵ ئامۆزاکەم کێشەی هەبێت."
 
عەمید عەلی عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە، لە بەرنامەی بەرپرسیار، باسی چۆنێتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەی کرد و گوتی: "کاژێر 10:30ـی بەیانی ئاگادارکراینەوە لە رووداوێکی تەقەکردن، هێزێکی هاوبەشی ئەمنی چوونەتە شوێنی رووداو و چواردەوری ماڵەکەیان دا، تۆمەتبار هاوژین، دوو کچی خۆی کوشتووە و کوڕێکی تۆمەتبار بە برینداری لەکاتی داوای بەهاناوەچوون بۆ لای دراوسێیەکیان دەستڕێژیی گولـلە لە دراوسێیەکەیان دەکات و دەیکوژێت. کوڕەکەیشی دەڵێت؛ بەرنامەداڕێژراو نەبووە. لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە."
 
 
سەبارەت بە هۆکاری تەقەکردنی تۆمەتبار لە ماڵباتەکەی، بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە، دەڵیت، کوڕەکەی گوتوویەتی؛ تووڕەبووە لەماڵەوە و یەکسەر تەقەی لە خێزانەکەی کردووە. 
 
لە دوای رووداوەکە دەنگۆیەک بڵاوبووەوە کە ئەو کەسە نەخۆشیی دەروونی هەبووە، بەڵام عەمید عەلی عەبدوڵڵا گوتی دەبێت لێژنەی پزیشکی بڕیار بدات کە ئەو کەسە نەخۆشیی دەروونی هەبووە یان نا.
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە، دەڵێت، هەر چوار کوژراوەکە لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە گولـلەیەکیان بەرکەوتووە، کوڕێکیشی بریندار بووە، بەڵام تەندروستیی جێگیرە."
 
شاخەوان رەئووف، سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی کوردستان، رووداوەکەی بە "کارەسات" ناوبرد و گوتی: "ئەمە دووەم رووداوی تەقەکردنە لە هەفتەیەکدا لە کۆیە، کە کۆیە لەم دوو هەفتەی رابردوودا بووەتە شوێنی کوشتن کە ئەمەش  نائاساییە. گرنگە حکومەت و وەزارەتی ناوخۆ رێگریی بکەن لە هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت، تەنانەت هەڵگرتنی چەکی بەمۆڵەتیش سنوورداربکرێ".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.