مەسرور بارزانی: هاووڵاتییان پابەندبن بە پێدانی رسوومات، کارەبای 24 سەعاتی دابین دەکەین

18-05-2023
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە هاونیشتمانییان دەکات پابەند بن بە پێدانی پارەی کارەبای نیشتمانی و گوتی، ئەگەر هاووڵاتییان لەکاتی خۆیدا پارە بدەن، حکومەت کارەبای 24 کاژێری دابین دەکات.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەردی بناخەی پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبای دانا کە بە وزەی خۆر کاردەکات. گوتی، پلانی حکومەت زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییانە و "ئێمە بەشێکین لە خەڵک."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا خەڵک پەنا دەبەنە بەر موەلیدەی ئەهلی بۆ دابینکردنی کارەبا. "حکومەت بەرنامەی هەیە بۆ ئەوەی بە نرخێکی کەمتر و ئەرکێکی کەمتر" کارەبای 24 کاژێری دابین بکات. بە هاونیشتمانییانی گوت، ئەو پارەیەی دەیدەنە موەلیدە، لەوە کەمتریش بدەنە حکومەت، "کارەبای 24 کاژێری دابین دەکەین."

 

 
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لەبارەی وێستگە نوێیەکە دەڵێت: "توانای بەرهەمهێنانی ئەو وێستگەیە 25 مێگاوات کارەبایە و ژمارەیەکی زۆر پانێڵ لەخۆدەگرێت و دەبێتە گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان و عێراق."

ئەو وێستگەیە دەکەوێتە گوندی منارەی دەوروبەری هەولێر. گوژمەی پڕۆژەکەی 100 ملیۆن دۆلارە و لەسەر رووبەری 590 دۆنم زەوی لەماوەی ساڵێکدا دروست دەکرێت. وەزارەتی کارەبا دەڵێت "وێستگەکە ژینگەدۆستە و ئەو کارەبایەی بەرهەمیدەهێنێت بە تۆڕی کارەبای نیشتمانی دەبەسترێتەوە."
 
لە هەرێمی کوردستان دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر هەن، کە توانای بەرهەمهێنانی سێ مێگاوات کارەبایان هەیە.
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: دەرفەتمان هەیە کە کەرتی کارەبا لە ئێستا زۆر باشتر بکەین. بۆ ئەوەش باسی مەرجەکانی حکومەتی کرد لەسەر هاونیشتمانییان و گوتی، "لە هەمانکاتدا پێویستە هاووڵاتییان هاوکاریی خۆیان و حکومەت بکەن لە رێگەی رێگەگرتن لە بەهەدەردانی کارەبا و کەمکردنەوەی زیادبەکارهێنانی کارەبا و پێدانی رسووماتی کارەبا بەشێوەیەکی بەردەوام." بەوشێوەیە حکومەت دەتوانێت بەباشی کارەبا بە هاووڵاتییان بدات. 

لەبارەی دابەشکردنی کارەبا، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، دەبێت خەڵک ئەوە بزانن ئەو کارەبایەی حکومەت بە نرخێکی زۆر هەرزان پێیان دەدات، نرخەکەی زۆر کەمترە لە تێچووی دابەشکردن و بەرهەمهێنانی کارەباکە. "حکومەت ساڵانە ملیۆنان دۆلار لەم بوارەدا خەرج دەکات، دەکرێت ئەوە کەمبکرێتەوە ئەگەر هاووڵاتییان هاوکاریی حکومەت بکەن."

لە ماوەی رابردوو کاژێرەکانی پێدانی کارەبا زیادیان کردووە، بەڵام مەسرور بارزانی رایگەیاند، هێشتا وەکو پێویست نییە، ئەوەش بەهۆی چەند هۆکارێک کە یەکێک لەوانە زۆربوونی خواستە لەسەر بەکارهێنانی کارەبا؛ خاڵێکی دیکەش زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و کارگە و کارخانەکانن. 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەختیار قادر، پەیامنێر و ئیبراهیم عەدنان، وێنەگری تۆڕی میدیایی رووداو.

دوای پێنج کاژێر لە دەستگیرکردنیان تیمەکەی رووداو لە مەخموور ئازادکران

بەختیار قادر، پەیامنێر و ئیبراهیم عەدنان، وێنەگری تۆڕی میدیایی رووداو لە کاتی رووماڵ دا و لە بازگەی مەخموور، لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق دەستگیرکران.