رووداو دیجیتاڵ
کارکردن لە پرۆژەی وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی دەربەندیخان دەستیپێکردەوە، کە لە یەک کاژێر هەزار مەتر سێجا ئاو پاکدەکاتەوە. کۆمپانیای جێبەجێکاریش دەڵێت، بە هەشت مانگ تەواوی دەکات.
رۆژی پێنجشەممە 18-04-2024 هێمن سلێمان، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ دەستمان بە کارکردن کردەوە، بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوو پارەمان بۆ خەرجبکرێت و ئەو ئامێرانەی پێویستن هاوردەی بکەین."
بە گوتەی هێمن سلێمان، ئەگەر پارەیان بۆ خەرج بکرێت و هیچ گرفتێک نەیەتە پێشەوە، لە هەشت مانگدا پرۆژەکە تەواو دەکەن.
رۆژی شەممە 13-04-2024 کۆمپانیای ئارکیتێکت لەژێر چاودێریی قایمقامییەت و نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران گرێبەستی خەرجکردنی پارەی لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکاری وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی دەربەندیخان واژۆکرد.
بەگوێرەی گرێبەستەکە بڕیارە پێنج ملیۆن دۆلار بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار خەرجبکرێت، لە 1ی ئایارەوە مانگانە یەک ملیۆن دۆلار دەدرێتە کۆمپانیاکە. جگە لەوە، بڕیارە چوار ملیار دیناریشی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ خەرج دەکرێت.
بەگوتەی قایمقامی دەربەندیخان، وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی دەربەندیخان لە یەک کاژێر هەزار مەتر سێجا ئاو پاکدەکاتەوە و دەتوانێت لە رۆژێکدا 20 هەزار مەتر چوارگۆشە ئاو دابین بکات.
رۆژی 6-02-2023 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر فرۆشتنی زەوییەک بە 20 ملیۆن دۆلار دا بۆ ئەوەی بەشێک لەو پارەیە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە خەرجبکرێت، بەڵام کارکردن دەستیپێنەکرد چونکە لەسەر میکانیزمی خەرجکردنی پارەکە نەگەیشتنە رێککەوتن.
پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان لە 14-02-2014ـەوە بەردی بناخەی دانراوە و دەبوو لە ماوەی 365 رۆژ کارەکانی تەواو بووایە، بەڵام بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە کارکردن تێیدا وەستا. ئێستا نزیکەی 60٪ـی کارەکانی تەواو بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ