رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای پێنجوێن کارەبا لە هاونیشتمانیانی یەکەیەکی نیشتەجێبوون دەبڕدرێت. بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی دەڵێت: "ئەو کەسانە بە زێدەڕۆ چوونەتە نێو یەکەکان و کارەبایان بۆ خۆیان راکێشاوە، دەبێت قایمقامیەت دەریانبکات."
رۆژی پێنجشەممە 18-04- 2024 محەممەد جەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو یەکانە تەواو کراون، بەڵام هێشتا بە فەرمی بەڵێندەر رادەستی ئاوەدانکردنەوەی نەکردووە و خزمەتگوزاری وەکو ئاو و کارەباشی بۆ رانەکێشراوە."
ئەو یەکانە لە حەوت باڵەخانەی سێ نهۆمی پێکدێن. محەممەد جەلیل دەڵێت: "بەڵێندەرەکە چوار بۆ شەش خێزانی وەکو پاسەوان نیشتەجێ کردووە، بەڵێننامەیان پێ پڕکراوەتەوە کە دەبێت دوای رادەستکردنی پڕۆژەکە، شوێنەکە بەجێبهێڵن و بەڵێندەرەکە لە کردنە دەرەوەی ئەو خێزانانە بەرپرس بێت."
بە گوتەی محەممەد جەلیل، لە 5-6ـی ئادار خەڵکێکی زۆر چوونە نێو پرۆژەکە "یەکەکانیان داگیرکردووە، بە زیادەڕۆیی کارەبایان بۆ خۆیان راکێشاوە"، بۆیە بەڵێندەری پرۆژەکەیان ئاگادارکردووەتەوە سکاڵا تۆمار بکات.
ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی داوای لە قایمقامیەت کردووە کە ئەو خەڵکە لە یەکەکان بکەنە دەرەوە، ئەوانیش ئاگاداریان کردوونەتەوە بەبێ بوونی سکاڵایەک ناتوانن ئاسایش و پۆلیس بجوڵێنن.
محەممەد جەلیل دەڵێت، ئێستا بەڵێندەر سکاڵای لەسەر ئەو خەڵکە کردووە، بۆیە "ئەرکی قایمقامیەتە دەریانبکات، چونکە زیادەڕۆییان کردووە."
زانا عەبدولرەحمان، قایمقامی قەزای پێنجوێنیش بە رووداوی گوت، "نە ئێمە خەڵکمان کردووەتە نێو یەکەکان نە دەرکردنیان پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە، تاوەکو ئێستاش بەڵێندەر سکاڵای نەکردووە، ئەگەر لە دادگە کردبێتی ئەوە ئێمە ئاگادارنین و هیچ شتێکی فەرمی لە بەردەستماندا نییە."
ئەو هاونیشتمانیانەی لە یەکەکان نیشتەجێبوون بەگوتەی بەشێکیان بێت فۆرمیان پڕکردووەتەوە، بەڵام بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای سلێمانی دەڵێت: "وەکو هەر یەکەیەکی دیکە ئاوەدانکردنەوە ئاگادارییەکی بۆ ئەو یەکانە راگەیاند و چەند هاونیشتمانییەک فۆرمیان پڕکردووەتەوە."
بەگوتەی محەممەد جەلیل، ئەو هاونیشتمانیانەی فۆرمیان پڕکردووەتەوە، وردبینی و تیروپشکیان بۆ نەکراوە بۆ ئەوەی دیار بێت بۆ کێ دەردەچێت، بەشێکی زۆریان هەر ئەو فۆرمەشیان پڕنەکردووەتەوە."
قایمقامی قەزای پێنجوێن دەڵێت، ئەوان پێشتر داوایان لە ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی کردووە، ئەو یەکانەیان رادەست بکەن بۆ ئەوەی لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی ئامارەوە بەسەر هاونیشتمانیانی شایستەدا دابەشی بکەن، بەڵام ئەوان رەتیانکردووەتەوە و خۆیان سەرپەرشتییان کرد.
لەبارەی زیادەڕۆیی هاونیشتمانیان، زانا عەبدولڕەحمان گوتی: "ئەمە زیادەڕۆیی نییە، خۆیان بە رێککەوتن کردوویانە، بەڵێندەر بە ناوی پاسەوانیەوە چەند خێزانێکی هێناوەتە یەکەکان، بۆیە دەرکردنی خەڵک پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، چونکە مامەڵەکە لە رێگەی ئێمەوە نەکراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ