رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە.
بڕیارە کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-04-2024 سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە.
رۆژی 10ـی حوزەیرانی ئەمساڵ دیاریکراوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و تاوەکو ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان رەتیدەکاتەوە بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا بکات، بەڵام یەکێتی رژدە لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێت.
18ـی مانگی ئادار، پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بەنایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش لە 15ـی نیسانەوە ناوى بەربژێرانى بۆ وەزارەکانى ناوخۆى عێراق و هەرێمى کوردستان، دەستەکانى دەستپاکى هەردوولا، دەستەى لێپرسینەوە و دادوەرى بۆ لێکۆڵینەوە لە شیاوییان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکە، ناردووە.
تێکڕاى ئەو بەربژێرانەى نێردراون بۆ کۆمیسیۆن 886 بەربژێرن، "226ـیان ژنن.
جگە لە بەربژێرى پارت و هاوپەیمانیێتییەکان، 57 بەربژێریى دیکەى سەربەخۆ ناویان پەسندکراوە بۆ ئەوەى بەشداربن لە هەڵبژاردن، یەکێکیان دوورخرایەوە بەهۆى ئەوەى بەڵگەنامەکانى تەواو نەبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ