رووداو دیجتاڵ
لە کۆگایەکی دەوروبەری شاری هەولێر و بازگەی هیران لە سنووری هەولێر، دەست بەسەر زیاتر لە 10 تۆن خورمای ماوەبەسەرچوو و چەندین کاڵای دیکەدا گیران. بەشێک لە خورماکان لە شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵدا کۆگا کرابوون.
لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی هەولێر بە هاوبەشی لەگەڵ ئاسایشی دێدەوان پۆلیسی دارەتوو لە کۆگایەک کە کە شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ بووە و دەکەوێتە دەوربەری شاری هەولێر دەست بەسەر زیاتر لە 8 تۆن خورمای تێکچوو هاوکات چەندین کاڵای دیکەدا گیرا. هاوکات لە بازگەی هیرانیش دەست بەسەر دوو تۆن خورمای جۆری "مەریەم"دا گیرا.
مزەفەر سابر، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "دوای ئەوەی لەلایەن هاووڵاتییەکەوە ئاگاداری بنکەی ئاسایشی دێدەوان کرابوو لەسەر هەبوونی شوێنێک لە یەکێک لە گوندەکانی دەروبەری شاری هەولێر کە کاڵا و ماددەی خۆراکی تێدا هەڵگیراوە، ئەوانیش ئاگاداری ئێمەیان کردەوە، ئێمە بە ئامادەبوونی بنکەی ئاسایشی دێدەوان و بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی دارەتوو پۆلیسی دارەتوو سەردانی ئەو شوێنەمان کرد بۆ ئەوەی بتوانین دەستی بەسەردا بگرین و ئەو کاڵایانەش لەناو ببەین."
بە گوتەی مزەفەر سابر، لە کۆگاکەدا نزیکەی 250 گونیە خورما و 1500 بووتڵ ئاوی گوڵ، رۆنی زەیت، رۆنی قژ، پیکن پاودەر و چەندەها بابەتی جۆراوجۆری دیکە کۆگاکرابوون. گوتیشی "ناشزانین ئەو خورمایە چووتە بازاڕ یان نا، بەڵام دوای ئەوەی هەواڵمان پێدرا هاتین دەستمان بەسەرداگرت."
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی هەولێر راشیگەیاند، "ئەو کەسەی ئەو ماددە خۆراکی و کاڵایانەی لێرە داناوە سزای دارایی دەدرێت و دەشدرێتە دادگە، ماددە و کاڵاکانیش لەنێو دەبردرێن."
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە لە بازگەی هیران، لەلایەن تیمەکانی قایمقامیەتی هەولێر بە هاوبەشی لەگەڵ هۆبەی بازگەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر توانرا دەست بەسەر دوو تۆن خورمای ماوە بەسەرچووی ئێرانیدا بگرن کە لە جۆری "مەریەم"ـە.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "ئەو خورمایە ئێرانییە لە بە ناوی مەریەم، لە بازگەی هیران دەستی بەسەرداگیراوە، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ئەو کەسەی خورماکەی هێناوە خەڵکی پارێزگای دهۆکە و لە پارێزگای سلێمانی خورمایەکەی کڕیوە، هەوڵیداوە لەو بازگەیەوە خورمایەکە بباتە پارێزگای دهۆک، بەڵام لە بازگەی هیران دەستی بەسەردا گیرا و رادەستی ئێمە کرا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ