رووداو - خورماتوو
لایەنە کوردییەکان لە خورماتوو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پەرت و ناڕێکن. لەنێو کورددا هیچ هاوپەیمانێتییەک پێکنەهاتووە، هەر لایەنێکی کوردستانی لەگەڵ لیستێکی عەرەبیدا هاوپەیمانیی کردووە؛ پارتی لەگەڵ لیستی حەسمی عەرەبی و یەکێتیش لەگەڵ لیستی جەماهیر وەتەنی.
مەجید حەمید تەمەنی 71 ساڵە و خەڵکی خورماتووە، خاوەنی دوو خانوو بوو، کە لە هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەر هەردووکیانی لێ سووتێنرا، ئێستاش دەڵێت، "لەبەر کوردبوون، هەر دەنگ دەدەم." مەجید کە خانەنشینە، سەبارەت بە دەنگدان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانگوتی، "دەبێت هەر دەنگ بدەین. دەنگ نەدەین سەرمان شۆڕ دەبێت. دەبێت دەنگ بدەین بۆ کورد، زمانەکەمان کوردییە و مەجبوورین، ئەگەر کورد غیرەتی هەبێت، دەنگ دەدات."
کامیل وەلی، هاونیشتمانییەکی دیکەی خورماتووە و لە هێرشەکانی 16 ئۆکتۆبەر خانوو و مارکێتی کوڕەکەی، کە بایی نزیکەی 200 ملیۆن دینار شتومەکی تێدا بووە، سووتێندراوە، ئەو دەڵێت، "ناڕۆم بۆ دەنگدان."
کامیل وەلی، بە رووداوی گوت "ناڕۆم بۆ دەنگدان. بێژە: بۆ ناڕۆیت؟ چونکە چۆن تاڵانکرام، ئێستاش یەکێک نەهات بڵێ، حاڵت چییە؟ ئەوە دینارێک. بەخوا منداڵەکان دینارێکم نەدەنێ، ناتوانم کیلۆیەک تەماتە بکڕم، ئەگەر بە خوا بڕوا دەکەیت."
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لایەنە کوردییەکان لە خورماتوو نەک پێکەوە هاوپەیمانێتییەکیان پێکنەهێناوە، بەڵکو لیستی تایبەتیشیان نییە و هاوپەیمانێتییان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان پێکهێناوە.
تارا جەلال، بەربژێری پارتی لە خورماتوو دەڵێت، "وەکوو پارتی هاوپەیمانیێتیمان لەگەڵ لیستی حەسم کردووە، کە لیستێکی عەرەبییە، خۆتان دەزانن خورماتوو یەکێکە لەو قەزایانەی کێشەی تێدایە، ئێمە وەک کورد، بەشداریمان کردووە تاوەکو وەکو جاران بگەڕێینەوە شارەکە."
یاسین محەممەد، بەربژێری یەکێتی دەڵێت، "ئێمە، بە ناچاری هاوپەیمانیمان لەگەڵ لیستێکی عەرەبیدا کرد، لەگەڵ لیستی ئەلجەماهیر وەتەنی. ئەو لیستە لیستێکی بەهێزە لە پارێزگای سەلاحەدین. ئێمە سەنگ و هێزی خۆمان لەو لیستەدا دەبینینەوە و ئومێدی ئەوەمان هەیە کورسیەک بەدەستبێنین."
هێمن بەرزان، بەربژێری شیوعییە و باسی ئەوە دەکات "هۆکاری رێکنەکەوتنی ئێمە وەکو لایەنە کوردییەکان لە خورماتوو، بەڕاستی یەکێتی و پارتی بوو، هەردوولا نەیانتوانی پێکەوە دابنیشن، بۆیە لایەنەکانی دیکە بەشێکیان بایکۆتیان کرد و بەشێکان نەیانویست ببنە رکابەری پارتی و یەکێتی، لە خورماتوو سێ کاندین هەن؛ پارتی، یەکێتی و خۆم، کە خۆم بە کاندیدی هەموو خەڵکی خورماتووم و حیزبی شیوعی پاڵپشتیم دەکات."
خوورماتوو تاکە قەزای کوردستانیی پارێزگای سەلاحەددینە، کە لە چوارچێوەی پرۆسەی تەعریبدا لە کەرکووک دابڕێندرا و سێ بەربژێرە کوردەکەی خورماتوو، ناچارن لەگەڵ 190 بەربژێری دیکەی سەلاحەدین رکابەری بۆ بەدەستهێنانی 15 کورسی پارێزگاکە بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ