رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای خاڵسی رۆژئاوای پارێزگای دیالە، وەرزی کۆکردنەوەی بەروبوومی خورمایە. ئەمساڵ بەرهەمی خورما لە قەزاکە زۆرە و نرخیشی نیو هێندەی ساڵی رابردووە.
کەڕاڕی تەمەن 26 ساڵ جووتیارێکی قەزاکەیە و باس لە فرەچەشنیی خورما دەکات لە کێڵگەکانی قەزاکەیدا، دەڵێ "خورمای دکل هۆدی ئەو چەشنەیە کە زۆرترین خواستی لەسەرە، بەرحی لە ریزبەندیی دووەم دێت کە زۆرترین خواستی لەسەرە و خەڵکی هەرێمی کوردستان خواستی زۆریان لەسەریەتی، بەهۆی ئەوەی تامی زۆر خۆشە."
جووتیارەکەی خاڵس لەبارەی قەبارەی بەرهەمی ئەمساڵی خورما دەڵێ "بەربوبوومی ئەمساڵ لە رووی جۆری و چەندیێتییەوە بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر باشترە. هەروەها رێژەی خۆڵبارین و کرم و مێرووە زیانبەخشەکان بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمتر بوو."
لە قەزاکە، بەروبوومە جیاوازەکانی خورما کۆدەکرێنەوە و بۆ فرۆشتن ئامادەدەکرێن، دواتر رەوانەی بازاڕ دەکرێن و بەشێکیان دەنێردرێنە پارێزگاکانی دیکە.
محەممەد ئیبراهیم، خورمافرۆشە و نزیکەی 20 جۆر خورمای دیالەی لەلا دەستدەکەوێت، دەڵێ "نرخەکانیان بەراورد بە ساڵی رابردوو جیاوازە و نیو هێندەیە. بۆ نموونە ساڵی رابردوو کیلۆیەک خورمای بەرحیم بە چوار هەزار دینار دەفرۆشت، کەچی ئەمساڵ باشترین جۆری بەرحی لە نێوان دوو هەزار و دوو هەزار و پێنجسەد دینار دەیفرۆشین. ساڵی رابردوو نرخی خورمای خەییارە نۆ هەزار دینار بوو، کەچی ئەمساڵ بە چوار هەزار دینار دەفرۆشرێت."
ئەحمەد شەهاب، خورمافرۆشێکی دیکەی خاڵسە، گوتی "قەبارەی بەروبوومەکانمان زۆرە و بەرەکەتی خوایە. هەموو عێراق خورما بەرهەمدەهێنێت. ئێمەش خورماکانی دیالە هەناردەی هەولێر، سلێمانی و کەرکووک دەکەین."
جووتیاران پێشبینی دەکەن لە چەند هەفتەی داهاتوودا چەند جۆرە خورمایەکی دیکەش بە قەبارەیەکی زۆر پێبگەن و، ئەم وەرزە بەروبوومێکی زۆر دەستبکەوێت.
لە کێڵگەکانی خاڵسدا باشترین جۆری خورما بەرهەمدەهێندرێن. سەرباری نەهامەتیی جووتیاران بە دەست کەمئاوی و کەمیی پەینە کیمیاییەکانەوە، بەڵام بەروبوومەکانیان ئەمساڵ زۆر باشن و هەناردەی پارێزگاکانی دیکەشی دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ