رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە لە مانگی رەمەزاندا بەگشتی بەراورد بە هەموو مانگەکانی دیکە فرۆشی خورما لە هەرێمی کوردستان زۆردەبێت، بەڵام ئەمساڵ فرۆشی ئەو بەرهەمە وەک پێشبینی دەکرا، نەبوو و خاوەن دووکانێکی فرۆشتنی خورماش دەڵێ "شۆک بووین، کەس نایکڕێ."
زۆربەی دووکان و مارکێت و دەستگێڕەکانیش لە مانگی رەمەزاندا خورما دەفرۆشن، بەڵام ئەم ساڵ فرۆشیان باش نییە.
هۆگر محەممەد، دووکانێکی گەورەی لە بازاڕی شێخەڵای هەولێر هەیە، کە یەکێکە لە قەرەباڵخترین بازاڕەکانی شار، کەمیی فرۆشی خورما لە رەمەزانی ئەمساڵ، هۆگری تووشی شۆک کردووە.
هۆگر بە رووداوی گوت "رەمەزانی رابردوو، خۆم و دوو برام لەگەڵ سێ شاگرد لەو دووکانە فریای خورمافرۆشتن نەدەکەوتین ئەوەندە فرۆش زۆر بوو، ئەمساڵ تەنیا خۆمم و ژمارەیەکی زۆر کەم کڕیاریش هەن."
وەک ئەو فرۆشیارە باسی دەکات، پاڵنەرەکانی نەکڕینی خورما لەلایەن هاونیشتمانییانەوە وەک ساڵانی رابردوو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە "هێشتا مووچەی مانگی شوبات دابەش نەکراوە، لەلایەکی دیکەشەوە پێش رەمەزان لیژنەکانی قایمقامییەتەکان هەڵمەتێکی چڕی دەستبەسەرداگرتنی خورمای ماوەبەسەرچوویان راگەیاند، نیشاندانی ئەو خورما تێکچووانە وایان کرد، ئەمساڵ خەڵک کەمێک لە کڕینی خورما بترسن و لێی دوور بن."
جگە لەو هۆکارانەی ئەو فرۆشیارە باسی کرد، ئەمساڵ خورما کەمێک بەهای بەرزبووەتەوە و بەراورد بە ساڵی رابردوو هەر کیلۆیەک بەپێی جۆرەکەی، لە 1000 بۆ پێنج هەزار بەرزبووەتەوە.