رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، لە ئیمپایەر ئاگر لە ماڵێک کەوتووەتەوە و چوار تیمی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە و "هیچ زیانێکی گیانی نەبووە."
رۆژی یەکشەممە 17-12-2023، موقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئاگرەکە نزیک کاژێر 4:06 خولەک کەوتووەتەوە، ئەو کاتە ماڵەکە پەیوەندییان بە ژووری کۆنترۆڵی بەرگریی شارستانییەوە کردووە و چوار تیم گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
موقەدەم کاروان میراودەلی گوتیشی، "ئاگرەکە لە نهۆمی حەوتەم لە ئیمپایەر کەوتووەتەوە، سەرەتا لە چێشتخانەکەوە بەرەو ئاراستەی بەڵکۆنەکە دروستبووە. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، پێدەچێت بەهۆی شۆرتی کارەباوە روویدابێت."
بەگوتەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەو ئاگرانە ئەگەر زوو کۆنترۆڵ نەکرێن، زیانی گیانییان دەبێت و تەشەنە دەکەن. دەشڵێت "تیمەکان زوو گەیشتوون و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی مادی هەبووە."
بەگوێرەی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەم ساڵ لە سنووری هەولێر زیاتر لە هەزار و 720 ئاگر کەوتوونەتەوە، بەهۆیانەوە 15 کەس گیانیان لەدەستداوە. بەگوێرەی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو حەوت هەزار و 546 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەرێمی کوردستان روویانداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ