چەند چەکدارێکی نەناسراو هەڵدەکووتنە سەر گوندێک لە ناحیەی شوان

17-10-2024
پێشەوا بەختیار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

موختاری گوندی تەپەکوڕە لە ناحیەی شوان دەڵێت، "نزیکەی 20 چەکداری نەناسراو کە ھێزە ئەمنییەکان گومان دەکەن داعش بووبن، چوونەتە سەر ماڵێک لە گوندەکەیان و تەقەکراوە و بەهۆیەوە کەسێک بریندار بووە."
 
مام ھەژار تەپەکوڕەیی، موختاری گوندی تەپەکوڕە شەوی 17-10-2024 بە رووداوی راگەیاند: "کەسێکی گوندەکەیان نزیکەی 20چەکداری بینیوە چوونەتە حەوشەکەی ماڵەکەیان و داوایان کردووە دەرگەی ژوورەوە بکەنەوە، خاوەن ماڵەکە و ھاوژینەکەی لە پەنجەرەی پشتەوەی ماڵەکەوە ھەڵھاتوون."
 
موختاری گوندەکە باس لەوە دەکات: "خاوەن ماڵەکە تەقەی لە چەکدارەکان کردووە و لەگەڵ ھاوژینەکەی ھەڵھاتوون، پاش تەقەکردنەکە خەڵکی گوندەکە چوون بەدەم ماڵەکەوە و چەکدارەکان وونبوون."
 
مام ھەژار گوتیشی، "خاوەن ماڵەکە لەکاتی ھەڵھاتن قاچی برینداربووە."
 
موختاری گوندەکە ئاماژەی بەوەدا، کە ھێزە ئەمنییەکانیان ئاگادارکردووەتەوە، پاش ماوەیەکی کورت ھێزەکانی ئاسایش و کۆماندۆ گەیشتوونەتە گوندەکە و دەستیان بە کێوماڵی ناوچەکە کردووە و بە دوای چەکدارەکاندا گەڕاون.
 
فەرماندەیەکی باڵای ھێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە بەرووداوی گوت، چەکدارەکان کاژێر 10:00 شەوی چوارشەممە چوونەتە سەر گوندی تەپەکوڕە و تەقەیان کردووە و کەسێک بریندار بووە کە فیشەک بەر قاچی کەوتووە.
 
بە گوتەی فەرماندەکەی ھێزە ئەمنییەکان: "چەکدارەکان نزیکەی 20 کەس بوون داوای خواردنیان لە خەڵکی گوندەکە کردووە، بەڵام پێیاننەدراوە و تەقەیان کردووە."
 
بەھجەت واحید، بەڕێوەبەری ناحیەی شوان لەبارەی رووداوەکەوە بە رووداوی گوت: "ھیچ ھێرشێک نەکراوە و ئەو دەنگۆیانەش دوورن لە راستییەوە".
 
گوندی تەپەکوڕە دەکەوێتە سنووری ناحیەی شوانی سەر بە پارێزگای کەرکووک.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەنمی دەشتی هەریر. وێنە: دیلمان خورشید - رووداو/ئەرشیڤ

لە 24 کاژێردا زۆرترین باران لە هەورامان باریوە؛ مەترسی کەمبارانی لەسەر دانەوێڵە ماوە؟

بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، لە 24 کاژێری رابرداوودا زۆرترین بڕی باران لە پارێزگای هەڵەبجە باریوە، دواتر سلێمانی، هەولێر و کەرکووک. کەشناسان و بەرپرسانی کشتوکاڵ دەڵێن، لە زۆرینەی ناوچەکان مەترسی وشکەساڵی نەماوە