رووداو دیجیتاڵ
بڕیار بوو بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024 بەشەناوخۆییەکی نوێ بۆ قوتابییانی بەشەناوخۆیی شەهید شەوکەت لە هەولێر بکرێتەوە، بەڵام نەکراوەتەوە و سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدینیش دەڵێت، کارەبا و ناوماڵی ماوە، بۆ ئەوەش نزیکەی سێ ملیار دیناریان پێویستە.
د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین ئەمڕۆ (سێشەممە، 17-10-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو بەشەناوخۆییە هەموو کارەکانی تەواوبووە، تەنیا کارەبا و ئەساسی ژوورەکانی ماوەتەوە، ئەوەش پێویستی بە نزیکەی سێ ملیار دینارە."
بەگوتەی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین، داوای بودجەی دیاریکراویان بۆ تەواوکردنی بەشەوناخۆییەکە کردووە و چاوەڕوانی تەرخانکردنن.
دەشڵێت، "پێشتر کە بودجە بۆ بەشەناوخۆییەکە دانراوە، حسابی بابەتی کارەبا و ئەساسیات نەکراوە، بۆیە دەبێت دووبارە داوای پارە بکەین و بۆ ئەوەش حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵە، بەڵام قەیرانی داراییش هەیە."
ئەو بەشەناوخۆییەی دروست دەکرێت تایبەتە بە کوڕان و رووبەرەکەی 24 دۆنم زەوییە. پڕۆژەکە لە چوار باڵەخانەی سێ نهۆمی پێکدێت و جێگەی دوو هەزار خوێندکاری تێدا دەبێتەوە، بنکەی تەندروستیی تایبەت، نەخۆشخانە، هەشت چێشخانە و کافتریایەکی سێ نهۆمیی بۆ قوتابیان تێدایە و دەکەوێتە رووبەری کەمپی زانکۆی سەلاحەدین لە پشت بەشەناوخۆیی شەهید شەوکەت شێخ یەزدین.
هەفتەی رابردوو، قوتابیانی بەشەناوخۆییەکانی شەهیدشەوکەت لە شاری هەولێر گردبوونەوە و داوای خزمەتگوزارییان دەکرد. سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین دەڵێت، "بەشەناوخۆییەکانیان کێشەی ئاو، کارەبا و فێنککەرەوەیان نییە، 23 کاژێر کارەبایان هەیە و مانگانە لەسەر داهاتی زانکۆ نزیکەی 50 ملیۆن دینار گاز بۆ بەشەناوخۆییەکان دەکڕین."
بە گوتەی د. کامەران یونس، قوتابییانی بەشەناوخۆییەکانی شەهید شەوکەت داوای بەرزە پردیان کردووە و دەڵێت، "ئەوە ئاسان نییە و لەرێگەی پارێزگارەوە دەبێت، ئاگادارین کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رەزامەندی لەسەر داوە."
زانکۆی سەلاحەددین خاوەنی دوو بەشە ناوخۆی دیکەیە، ئەوانیش بەشەناوخۆیی شەهید شەوکەت شێخ یەزدین و 18ـی شوبات، کە ئەمەی دووەمیان تایبەتە بە خوێندکارانی کچ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ