رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەپێی ئینفاقی فیعلی (خەرجی راستەقینە) بێت پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراقدا لە 5٪ کەمترە."
رۆژی یەکشەممە، 17-09-2023، ئاوات شێخ جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە مارک سترۆ، کۆنسوڵی نوێی ئەمریکا لە هەولێر و شاندێکی یاوەری کرد.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بارەی ناوەڕۆکی دیدارەکە دەڵێت، "وەزیری دارایی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کۆنسوڵی نوێی ئەمریکا لە هەولێر کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکە نوێیەکەیدا بۆ خواست. هاوکات، کورتەیەکی لەسەر دەرئەنجامی سەردانی هەفتەی رابردووی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد خستەڕوو".
وەزارەتی دارایی دەڵێت، "وەزیری دارایی لەبارەی سەردانەکەیان بۆ بەغدا رایگەیاندووە، ئامانجی سەرەکییان چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فارمانبەران بووە و دابەشکردنی مووچە هاوشێوەی شارەکانی دیکەی عێراق لە کاتی خۆیدا".
گوتیشی "زۆربەی هێزە سیاسییەکانی عێراق هاوڕابوون کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە کێشەی سیاسی نەکرێت، ئەوەش بە هەموارکردنەوەی بەشێک لە بڕگە و مادەکانی یاسای بودجە دەکرێت و دەرکردنی مووچە لە خەرجی فیعلی مانگانە."
بەپێی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بێت، لەبەشێکی دیدارەکەدا ئاوات جەناب نووری، رایگەیاندووە، "لەجێبەجێکردنی یاسای بودجەدا حکومەتی ناوەندی بەدوو پێوانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات. لە بابەتی خەرجیدا؛ خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ خەرجی 15 پارێزگاکەی عێراق هەژمار ناکات."
لەبارەی پێوەری دووەم، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لە بابەتی داهاتی نانەوتیشدا کار بەیاسای ئیدارەدانی دارایی ناکات کە لە یاسای بودجەدا ئاماژەی پێکراوە و دەبێت 50٪ـی داهاتەکە بۆ هەرێمی کوردستان بێت، بەڵام عێراق داوای 100٪ـی داهاتەکە دەکات، هاوکات بە پێی ئینفاقی فیعلیش پشکی هەرێمی کوردستان ئەوەندە کەمکراوەتەوە کە لە 5٪ تێپەڕ ناکات."
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان دەڵێت، کۆنسوڵی ئەمریکا خۆشحاڵیی خۆی بەو پەیوەندی و هەماهەنگییە دەربڕی کە بەدرێژایی چەند ساڵی رابردوو لە نێوان وەزارەتی دارایی و کونسوڵخانەکەیان هەبووە و جەختی لەوەکردەوە کە هەموو هەوڵی خۆیان دەخەنەگەڕ تا پەیوەندییەکی تەندروست لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد لە سەر بنەمای دەستوور هەبێت."
کۆنسوڵی نوێی ئەمریکا لە هەولێر جەختیشی کردەوە، "یەکڕیزی و تەبایی ناوماڵی کورد گرەنتی پاراستی هەرێمی کوردستان و بەدەستهێنانی مافەکانییەتی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ