رووداو دیجیتاڵ
پارێزەری گوهدار زێباری رایگەیاند، بڕیار بوو دوێنێ گوهدار ئازاد بکرێت، بەڵام نازانن بۆچی ئازادنەکراوە. بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، ئەو لە چاکسازییدا نەماوە و گواستراوەتەوە ئاسایشی هەولێر.
رەمەزان ئەرتیسی، پارێزەری گوهدار زێباری ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 17-08-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بڕیار بوو دوێنێ گوهدار ئازادبکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا لە ئاسایشی هەولێرە و هەر دەڵێن، چاوەڕوانی ئازادکردنی بکەن."
بە گوتەی پارێزەرەکە، لە دوێنێوە ئاسایشی هەولێر گوهداری راگرتووە، ناشزانن بۆچی لەوێ راگیراوە، چونکە هیچیان بەوان نەگوتووە و چاوەڕوانن ئازاد بکرێت.
ئیحسان عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "گوهدار هەموو رێکارەکانی لە چاکسازی هەولێر تەواوبووە و لەلایەن چاکسازییەوە ئازادکراوە و نێردراوەتە ئاسایشی هەولێر، ئێستاش لەوێیە و ئەگەر هیچی لەسەر نەبێت، ئازاد دەکرێت."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، گوهدار زێباری لەکاتی دەستگیرکردنیدا چەکی پێبووە، بۆیە دەکرێت یەکێک لە هۆکارەکانی راگرتنی پەیوەندی بە "هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەتەوە هەبێت و ئەوەش بکرێتە دۆسیە."
رەمەزان ئەرتیسی لەبارەی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەتەوە لەلایەن گوهدار زێبارییەوە دەڵێت، "چەکێکی راوکردنی پێ بووە."
گوهدار زێباری، لە 22ـی تشرینی یەکەمی 2020 راگیرا و بەگوێرەی مادەی 156ـی یاسای سزادانی عێراقی بە شەش ساڵ زیندانیکردن حوکمدرا، بەڵام لە شوباتی 2022 بە فەرمانێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سزاکەی بەڕێژەی 60٪ کەمکرایەوە.
بڕیار بوو گوهدار زێباری رۆژی 16ـی ئاداری ئەمساڵ ئازاد بکرێت، بەڵام بەگوێرەی مادەی 279 لە یاسای سزادانی عێراقی بۆ ماوەی حەوت مانگ حوکمدرا، دوای ئەوەی پارێزەرەکەی ئەو بڕیارەیان تەمیزکردەوە، حوکمەکەی بۆ پێنج مانگ کەمکرایەوە، دەبوو رۆژی چوارشەممە 16ـی ئاب ئازادبکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ