رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تەواونەکردنی راپۆرتی توێژینەوەی گیراوانی شیلادزێ لەلایەن چاکسازیی گەورانی هەولێر، دۆسیەکەیان بۆ سبەی دواخرا. ئەندامێکی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی حوکمدراوانی بادینان رایگەیاند: "داواکاری گشتی پێی راگەیاندین سبەی راپۆرتەکانمان بەدەست بگات، دۆسیەکانیان بە ئەرێنی یەکلادەبێتەوە."
ئەمڕۆ چوارشەممە 17-08--2022 داواکاری گشتی و دادوەری دادگەی کەتنی دەشتی ھەولێر لەبارەی دۆسیەکانی حوکمدراوانی بادینان کۆبوونەوە.
بەشدار حەسەن، ئەندامێکی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی حوکمدراوانی بادینان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەشێک لە گیراوان راپۆرتی توێژینەوەیان لە چاکسازی گەورانی هەولێر تەواو نەبوو، بۆیە دۆسیەکە بۆ سبەی دواخرا. بەڵام داواکاری گشتی پێی راگەیاندین سبەی راپۆرتەکانیان بەدەستمان بگات دۆسیەکانیان بە ئەرێنی یەکلادەبێتەوە."
بەشدار حەسەن گوتیشی: "چاکسازیی گەورانی هەولێریش پێیان راگەیاندین سبەی راپۆرتی توێژینەوەی گیراوان تەواو دەکەن و ئاراستەی داواکاری گشتی دەکرێت، چاوەڕوانین سبەی وەک داواکاری گشتی گوتی دۆسیەکانیان ئەرێنی بێت و ئازاد بکرێن."
بۆ ئەوەی دۆسیەی حوکمدراوانی بادینان یەکلاببێتەوە، پێویستە چاکسازیی گەورانی هەولێر راپۆرتی توێژینەوەی حوکمدراوان و پەنجەمۆرەکانیان ئامادە بکات دوای ئەوە داواکاری گشتی لەبارەی ئازادکردنی بە مەرجی پێنج لە حوکمدراوانی شیلادزێ بۆچوونی خۆی دەدات، دوای ئەوە دادوەری دادگەی تاوانەکانی دەشتی هەولێر بڕیار لەبارەی ئازادکردنیان دەدات.
رۆژی 16-05-2022 دادگەی 2ی تاوانەكانی هەولێر، پێنج لە گیراوانی شیلادزێی پارێزگای دهۆکی دادگایی کرد، کە نێوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2021 دەستگیرکرابوون. دادگە بە پشتبەستن بە ماددەی 1ی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان، بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی" حوکمی دوو ساڵ زیندانیکردنی بۆ هەریەک لەو گیراوانە دەرکرد.
هەروەها 16-2-2021 دادگەی هەولێر بڕیاریدا شێروان شێروانی و چوار دەستگیرکراوی بادینان، بەپێی ماددەى 156 لە یاساى سزادانى عێراقى، ژمارە (21) بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزا بدرێن.
بەشدار حەسەن لەبارەی دۆسیەی ئەو کەسانەی پێویست بوو ئەمڕۆ ئازادکردنی مەرجدار بیانگرێتەوە و ئازاد بکرێن گوتی : "پێنجیان خەڵکی شیلادزێن و پێنجی دیکە ئەوانەن کە بە هەمان ماددە دەستگیرکراون و ئەگەر کارەکانی ئەو 10 کەسە تەواو ببێت، هەفتەی داهاتوو کار لەسەر دۆسیەی شێروان شێروانی و برادەرەکانیشی دەکرێت."
حوکمدراوانی شیلادزێ ئەمانەن:
یوسف شەریف ئیبراهیم، لەدایکبووی 2001
مەحموود ناجی سدیق، لەدایکبووی 1996
کۆڤان تارق جبرائیل، لەدایکبووی 1996
ئەمجەد یوسف مستەفا، لەدایکبووی 1989
نێچیرڤان بەدیع حاجی، لەدایکبووی 1993
لە ماددەی 1ی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003دا هاتووە: "هەر کەسێک بە دەستی ئەنقەست و بە هەر شێوەیەک لە کارێکدا تێوەبگلێت بە مەبەستی زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و ببێتە هۆی کەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندکردنی تاهەتایی یان کاتی، سزا دەدرێت."
مانگی تەممووز، بەشێک لە گیراوانی بادینان کە ژمارەیان 50 کەس دەبێت دەستیان بە مانگرتن کرد. 2-8-2022، رەمەزان ئەرتیسی، یەکێک لە ئەندامانی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی حوکمداراوانی بادینان بە رووداوی رایگەیاند، "بەهۆی ئازادنەکردنی بە مەرج کە رێگەیەکی یاساییە و پێشتر سێ کەس لە حوکمدراوانی بادینان بەو رێگەیە ئازادکراون، ماوەی 13 رۆژە پێنج لە حوکمدراوانی بادینان لە چاکسازیی هەولێر مانیان گرتووە و تەندروستییان تێكچووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ