رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران دەڵێت، "دەرماڵەی خوێندکاران دابەشنەکراوە و بۆ دابەشکردنی پێویستمان بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانە؛ دوای رەزامەندییش بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی پێی راگەیاندووین کە دەتوانێت مانگانە پارەمان بۆ دابین بکات، نەک چوار دەرماڵە پێکەوە". زانکۆی دهۆکیش دەڵێت، "رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی دەرماڵە دراوە، بەڵام لە بانکەکانی دهۆک کێشەی سیولە هەیە؛ بۆیە دەرماڵەمان دابەش نەکردووە."
رۆژی شەممە 15ی تەممووز، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڵاویکردەوە، لە رۆژی یەکشەممە 16ی مانگەوە دەست بە دابەشکردنی پاڵپشتیی دارایی خوێندکاران و قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگەکان دەکرێت؛ بەڵام تاوەکو ئێستا لە بەشێک لە زانکۆکان دەرماڵە دابەش نەکراوە.
پێشڕەو حەمەجان، جێگری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زانکۆی سلێمانی نزیکەی 23 هەزار خوێندکاری هەیە. بۆ دابەشکردنی دەرماڵەی یەک مانگی خوێندکاران زیاتر لە 700 ملیۆن دینار پێویستە. ئەو بڕە پارەیەش زۆرە و پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی بدات، چونکە وەزارەت ناتوانێت رەزامەندی لەسەر زیاتر لە 500 ملیۆن دینار بدات."
بە گوتەی پێشڕەو حەمەجان، بە زووترین کات دەست بە دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندکاران دەکەن و دەڵێت، "سەرەتا ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر پێدانی دەرماڵە داوە؛ وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و داراییش رەزامەندییان لەسەر داوە، بەڵام پێویستمان بە یەک رەزامەندیی دیکەی ئەنجوومەنی وەزیرانە و دواتر مانگانە بەردەوام دەبین لە دابەشکردنی دەرماڵە، چونکە بانکی ناوەندیی هەرێم دەڵێت، لە سلێمانی ناتوانێت پارەی چوار مانگ پێکەوە دابین بکات."
زانکۆی دهۆک نزیکەی 23 هەزار خوێندکاری هەیە و بۆ دەرماڵەی یەک مانگی خوێندکاران زیاتر لە 700 ملیۆن دیناری پێویستە. د. داوود ئەترووشی، سەرۆکی زانکۆی دهۆک بە رووداوی گوت، "دەرماڵە دابەش نەکراوە، چونکە پارە دابین نەکراوە. لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی خوێندنی باڵادا رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی دەرماڵە دراوە، بەڵام لە بانکەکانی دهۆک سیولە نییە. چاوەڕوانین و کە پارە دابینکرا، راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی دەکەین."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رۆژی یەکشەممە لە زانکۆی سەڵاحەدینیش دەرماڵەی خوێندکاران دابەشنەکراوە و بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە کە کەی و چۆن دابەش دەکرێت.
زانکۆی گەرمیانیش لە راگەیێندراوێکدا رۆژی یەکشەممە خوێندکارانی ئاگادارکردەوە کە ئەمڕۆ دووشەممە دەست بە دابەشکردنی پاڵپشتیی دارایی خوێندکارانی دەکرێت؛ خوێندکاران دەتوانن سەردانی کۆلێج و بەشەکان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی پاڵپشتیی دارایی بۆ مانگەکانی 10 و11ی 2022.
رۆژی چوارشەممە 22-02-2023 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی دا لەسەر بەردەوامی و خەرجکردنی زیاتر لە حەوت ملیار و 250 ملیۆن دیناری مانگانە وەکو پاڵپشتی بۆ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێمی کوردستان و دابینکردنی خزمەتگوزاریی بەشە ناوخۆییەکان بۆ ساڵی خوێندنی 2022 و 2023.
بەگوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو گوژمەیە ھاوشێوەی ساڵی خوێندنی 2021 و 2022ە و لەسەر بودجەی زانکۆ و پەیمانگەکان تەرخان دەکرێت.
بڕی پاڵپشتییە داراییەكە 40 هەزار دینارە بۆ خوێندكارانی نێو شار و 60 هەزار دینارە بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ