رووداو - خانەقین
موراد زەنگە کەسایەتییەکی سوننە مەزهەب بوو لە خانەقین، بەڵام بووە بە سەیدی حسێنییەی بچووکی خانەقین، رۆژی جەژن لە ماڵەوە لەگەڵ سوننەکان و رۆژی دواتریش جەژنی لەگەڵ شیعەکان کردووە.
ماجید شالیار، بەڕێوەبەری ناوەندی کولتووریی خانەقین، باسی ئەو کەسیاتییە دەکات و دەڵێت، "نازانم شیعەم یان سوننەم، چونکە لە خانەقین جیاوازی ناکەین."
بەڕێوەبەری ناوەندی کولتووریی خانەقین گوتیشی، "ئێستا زۆر دەبینین شیعە ژنی سوننەی هێناوە، سوننە ژنی شیعەی هێناوە، بەتایبەتی ئەمڕۆ کە جەژنە، ئەمە نییە بڵێی جەژنی سوننەیە یان شیعە، گشتی جەژن دەکات."
هەرچەندە لای سوننە یەکشەممە و لای شیعە دووشەممە یەکەم رۆژی جەژن بوو، بەڵام خانەقینییەکان دەڵێن، "هەردوو رۆژ جەژنمان بووە."
عەبدوڵڵا محەممەد، خانەشین دەڵێت، "تەمەنم 67 ساڵە، جاران هەر ئەم شتانە نەبوو، گشت رۆژێک جەژنمان کردووە."
ئەمجەد مستەفا، خانەشین ئاماژەی بەوە کرد، "سوپاس بۆ خوا جیاوازی نییە لەنێو خانەقین، میلـلەتێکی باشین، شیعە و سوننە، کاکەیی و مەسیحی، هەموومان پێکەوەین، فەرقمان نییە شیعەین یان سوننەین."
خانەقین مەڵبەندی کوردانی شیعەی باشووری کوردستانە و ژمارەی دانیشتووانی 250 هەزار و 904 کەسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ