رووداو دیجیتاڵ
کەسوکاری ئەنفالکراوان دوای 36 ساڵ گەڕانەوە قەڵای نووگرە سەلمان، لەگەڵ گەیشتنیان بە قەڵاکە، جارێکی دیکە برینیان کولایەوە و دەستیان بە گریان و لاواندنەوە کرد، کەسێک بۆ براکەی، یەکێکی دیکە بۆ هاوژینەکەی و زۆرینەیشیان بۆ دایک و باوکیان دەگریان.
جەلیل کۆکسی هەشت خوشک و برا و دایکی و 23 کەسی دیکە لە ماڵباتەکەی ئەنفالکراون، ئەو نەیدەزانی هاوار بۆ کامیان بکات، بەدەم گریانەوە بانگی هەموویانی دەکرد.
داواکاریی جەلیل ئەوەیە ئێسکوپرووسکی ئەنفالکراوان بگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان، دەڵێت: ئەوە 36 ساڵە نەگەڕێندراونەتەوە، هیوادارین نەگاتە 10 ساڵی دیکە هەموویان بگەڕێندرێنەوە.
36 چرا بۆ یادی 36 ساڵەی ئەنفال داگیرسێندران و چەند شانۆییەک لەنێو قەڵای نووگرە سەلمان نمایشکران.
حەسەن عەلی، تاقانەی ئەنفالە و دەڵێت: "دێینە سەر گڵکۆی شەهیدەکانمان و کونجی زیندانەکانیان، ئەمە نوێکردنەوەی پەیمانە و قەت لە یادیان ناکەین."
کاروان حەمەسەعید، رزگاربووی ئەنفالە، ئەو تەمەنی سێ ساڵان بووە کە لەگەڵ خێزانەکەی براونەتە قەڵاکە، دەڵێت: "خۆشی و یاریی منداڵیمان ئەوە بوو لەسەر ئەم پەنجەرانەوە سەیری دەرەوەمان دەکرد."
سەردانی کەسوکاری ئەنفالکراوان بۆ نووگرە سەلمان، بەبۆنەی رۆژی گۆڕەبەکۆمەڵەکانەوە بوو لە عێراق. ئەوانەی سەردانی قەڵاکەیان کرد، ژمارەیان زیاتر لە 200 کەس بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ