کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن کەوتووەتە نێوان بەرداشی دوو بڕیاری دادوەرییەوە

17-05-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوو بڕیارى دادوەرى "سەرلێشێواوى" بۆ کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق دروستکردووە، لەوەى رێکارەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەستپێبکاتەوە یان بەردەوام بێت لە راگرتنى، چاوەڕوان دەکرێت هەفتەى داهاتوو ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە.
 
ئەو دوو دڵییەى کۆمیسیۆن بەهۆى دوو بڕیارى جیاوازە لە دادگەى فیدراڵیى عێراق و دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن. ئەمەش لە کاتێکدایە 19ى ئایار یەکەم دانیشتنى دادگە لەبارەی سکاڵایەک دەکرێت، کە لە دژى رێکارەکانە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.   
   
سکاڵاکە لەلایەن مەسروور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان دژ بە دوو رێنمایی کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان پێشکێشکراوە کە پەیوەندییان بە ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمان و دابەشکردنیانە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا.
 
دوو بڕیارى دژ بەیەک 
 
16ى ئایار دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان بڕیاری راگرتنی کارەکانی کۆمیسیۆنی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاندەوە و بە "نادروست و پێچەوانەی یاسا" ناوی هێنا و رایگەیاند، "راگرتنی کارەکانی کۆمیسیۆن رەچاوی ئەوەی نەکردووە دەبێت کۆمیسیۆن لە ماوەی ویلایەتی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی ئێستا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات."
 
ئەو بڕیارەى دەستەکە دواى هەشت رۆژ بوو لە بڕیارێکى فەرمانسالارى دادگەى فیدراڵى عێراق بۆ راگرتنى ئەو رێکارانە تاوەکو سکاڵاکەی مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان یەکلایی دەبێتەوە.
 
دادگەى فیدراڵى 19ى ئایارى دیاریکردووە بۆ یەکەم دانیشتنى تایبەت بەو سکاڵایە، 16ى ئایار لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەى بەوەدا تاوتوێکردنى سکاڵاکە بەگوێرەى ئەو دەسەڵاتەیە کە دەستوور پێیداون، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ بڕیارەکەى دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن. 
 
رۆژێک دواى بڕیارەکەى دادگەى فیدراڵى، لە 8ى ئایار کۆمیسیۆن کارەکانى راگرت، بەر لە دوو رۆژ لە وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى لایەنە بەشداربووەکان ئەو هەڵبژاردنەى 10ى حوزەیران بۆ کردنى دیاریکرابوو. 
 
 "سەرى لێ شێواندوون"
 
 هەردوو بڕیارى دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن و دادگەى فیدراڵى، کۆمیسیۆنى یەکلانەکردووەتەوە لەوەى بەردەوام بێت لە راگرتنى کارەکانى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان یان دەستیپێبکاتەوە. 
 
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە کۆمیسیۆن کە لەبەر هەستیارى پرسەکە نەیویست ناوى بڵاوبکرێتەوە بە رووداوى گوت، "ئێمە ناچارین پابەند بین بەو بڕیارەى دەستەى دادوەرى و لەهەمان کاتیشیدا بڕیارى دادگەى فیدراڵی یەکلاکەرەوەیە، بەرچاومان بە تەواوى روون نییە دەستپێبکەینەوە یان هەر بوەستین".
 
بەگوێرەى دەستوورى عێراق بڕیارەکانى دادگەى فیدراڵى یەکلاکەرەوەن و دەبێت هەموو لایەک پێوەی پابەندبن. دارا سێکانیانى، ئەندامى لێژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "بڕیارە فەرمانسالارییەکەى دادگەى فیدراڵى جێگەى پابەن بوونە، بەڵام ئەو دوو بڕیارە سەرلێشێواوى بۆ کۆمیسیۆن دروستکردووە".
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو بڕیارە یەکشەممەى داهاتوو، 19ى ئایار ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق کۆببێتەوە و ئەو پرسە یەکلابکاتەوە. بە گوتەى سەرچاوەکەى رووداو لە کۆمیسیۆن ئەگەرێک هەیە ئەو کۆبوونەوەیە بۆ دواى دانیشتنى دادگەى فیدراڵى دوابخرێت.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بڕیار لەبارەى قۆناخى داهاتوو دەدات کە پەیوەندارن بە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان. کۆمیسیۆن بڕیارەکانى دەستەى دادوەرى جێبەجێدەکات"، کە بەگوتەى ئەو "جێگەى پابەندبوونە".
 
سیناریۆکانى کۆمیسیۆن 
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەردوو بڕیارەکەى دادگەى فیدراڵى و دەستەى دادوەرى، کۆمیسیۆن چەند سیناریۆیەکى لە بەردەمدایە، یەکێکیان ئەوەیە جگە لەو مادانەى تانەیان لێدراوە، رێکارەکانى دیکەى بۆ هەڵبژاردن دەستپێبکاتەوە. 
 
دارا سێکانیانى  دەڵێت، "ئەگەر بڕیارە فەرمانسالارییەکەى دادگەى فیدراڵى هەڵنەوەشێتەوە، رێگە چارەیەکى یاسایی دیکە ئەوەیە تەنیا رێکارەکانى ئەو مادانە رابگرێت کە تانەیان لێدراوە و لە رێکارەکانى دیکە بەردەوام بێت."
 
بڕیارە فەرمانسالارییەکەى دادگە چاپکردنى کاخەزى دەنگدان، بانگەشەى هەڵبژاردنى راگرتووە، بەڵام تیروپشکى کارمەندانى دەنگدان و مەشقپێکردنیان پەیوەست نییە بەو مادانەى تانەیان لێدراوە.
 
یەکێکى دیکە لە پێشنیازەکان لە بەردەم کۆمیسیۆن ئەوەیە داوا لە حکومەتى عێراقى بکات بۆ ئەوەى کاتێکى دیکە بۆ هەڵبژاردنەکە دیاری بکرێت.
 
سەرچاوەکەى رووداو لە کۆمیسیۆن گوتى، "راگرتنى ئەو چەند رۆژەى رێکارەکانى کۆمیسیۆن، هەنگاوەکانى دواخستووە، بۆیە پێویستى بەوەیە رۆژێکى دیکە بۆ هەڵبژاردن دیاریبکرێت، تاوەکو حکومەتیش رەزامەند نەبێت پارەى خەرجى رێکارەکان نادرێت".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارمەندێکی سەرژمێری لەکاتی راپەڕاندنی کارەکەی لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

دەستەی ئامار: مانگی شوبات ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری رادەگەیێندرێت

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرژمێری بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بڕیارە 15ی شوباتی داهاتوو ئەنجامی کۆتایی سەرژمێرییەکە رابگەیێندرێت.