ئەرمەنەکانیش لە دادگەی فیدراڵی سکاڵایان تۆمارکرد

17-05-2024
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای تورکمان و کریستیانەکان، ئەرمەنەکانیش بۆ داواکردنەوەی تاکە کورسییەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان، لە دادگەی فیدراڵی سکاڵایان تۆمارکرد. پارێزەرى دۆسیەکە دەڵێت: "سکاڵاى سەرجەم پێکھاتەکان یەک دەخرێن."
 
سکاڵاکە لەلایەن یەروانت نیسان مارکۆس، کەسایەتى ئەرمەن و ئەندامى خولى چوارەمى پەرلەمانى کوردستان تۆمار کراوە و لە دژى مادەى دووى سیستمى تۆمارى لیستى بەربژێران و راستاندنیان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانە، کە کورسییەکانى ئەو پەرلەمانەى بە 100 کورسی دیاریکردووە و دابەشى کردوون بەسەر چوار پارێزگەدا، بەبێ ئەوەى پشکى کۆتای پێکهاتەکانى تێدابێت.
 
ئەیاد کاکەیی، پارێزەرى ئەو سکاڵایە بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند، سکاڵاکە لە 12ى ئایار تۆمارکراوە و هەمان نێوەڕۆکى سکاڵاکانى تورکمان و کریستیانەکانە.
 
لە سکاڵاکە داوا لە دادگە کراوە کە ئەو رێکارەی کۆمیسیۆن بە "نادەستوورى" بناسێنێت و فەرمان بدات بە دیاریکردنى کورسییەک وەک کۆتای ئەرمەنەکان لە چوارچێوەى هەرێمى کوردستان وەک یەک بازنەى ھەڵبژاردن.
 
لە 13ـی ئایار نوێنەرى تورکمان و کریستیانەکان، سکاڵاى هاوشێوەیان لە دادگەى فیدراڵى تۆمارکرد، دواى ئەوەى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان سکاڵایەکى لە دژى کۆمیسیۆن تۆمارکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەو مادەیەى سیستمى کۆمیسیۆن و راگرتنى رێکارەکانى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تاوەکو سکاڵاکە یەکلا دەبێتەوە.
 
ئەیاد کاکەیی گوتى، "دواى ئاگادارکردنەوەى کۆمیسیۆن، سەرجەم سکاڵاى پێکهاتەکانى کریستیان، ئەرمەن و تورکمان یەک دەخرێن."
 
یەکەم دانیشتنى دادگەى فیدراڵى لەبارەى سکاڵاکەى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە 19ى ئایار دەبێت، بەگوتەى ئەیاد کاکەیی دواتر سکاڵاى پێکهاتەکان تاوتوێ دەکرێت.
 
دوای رۆژێک لە بڕیارێکى فەرمانسالاریی دادگەی فیدراڵی بۆ راگرتنی ئەو رێکارانە "تاوەکو سکاڵاکە یەکلا دەبێتەوە". رۆژی سێشەممە 7ی ئایاری 2024 کۆمیسیۆن سەرجەم رێکارە هونەری و داراییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان راگرت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارمەندێکی سەرژمێری لەکاتی راپەڕاندنی کارەکەی لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

دەستەی ئامار: مانگی شوبات ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری رادەگەیێندرێت

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرژمێری بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بڕیارە 15ی شوباتی داهاتوو ئەنجامی کۆتایی سەرژمێرییەکە رابگەیێندرێت.