رووداو دیجیتاڵ
جێبەجێکاری پڕۆژەی بەنداوی گۆمەسپان دەڵێت، تاوەکو تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، کارکردن لە بەنداوی گۆمەسپان تەواو دەبێت.
بەنداوی گۆمەسپان، گەورەترین بەنداوی سنووری هەولێرە و دوای دووكان و دەربەندیخانیش دەبێتە سێیەم گەورەترین بەنداو لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان.
رۆژی چوارشەممە 17-04-2024 عەبدوڵڵا گەردی، جێبەجێکاری پڕۆژەی بەنداوی گۆمەسپان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت،" 65٪ـی کارکردن لە بەنداوەکە تەواو بووە و ئەگەر گرفتێک نەیەتە پێشەوە و کارکردن وەکو ئێستا بەردەوام بێت، تاوەکو تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەو 35٪ـی ماوە، تەواو دەبێت".
بودجەی پڕۆژەی بەنداوی گۆمەسپان 95 ملیار دینارە. جێبەجێکاری پرۆژەکە دەڵێت، تاوەکو ئێستا گرفتی پارەیان نەبووە و بەهۆی گرنگی پڕۆژەکەوە "سەرۆکی حکومەت، تیمەکەی و وەزارەت" لەسەر هێڵن و هاوکاریانن بۆ تەواوکردنی کارەکانیان.
بەنداوی گۆمەسپان 70 مەتر بەرزییەکەیەتی و 512 مەتر درێژە، شەش ملیۆن و 125 هەزار مەتر دووجا رووبەرەکەیەتی و 115 ملیۆن مەتر سێجاش ئاو گلدەداتەوە.
عەبدوڵڵا گەردی دەڵێت، بەنداوەکە 97 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت و ئێستا 10 ملیۆن ئاوی تێدایە کە تەنیا بۆ گەشتیاری سوودی لێ دەبینرێت.
لە بارەی سوودی بەنداوەکەوە جێبەجێکاری پرۆژەکە دەڵێت، "بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی؛ ئاودێری؛ راکێشانی ئاوی خواردنەوە، بەخێوکردنی سامانی ماسی؛ گەشتیاری و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا سودی زۆری دەبێت."
عەبدوڵڵا گەردی دەڵێت، بەنداوەکە بۆ هەولێر گرنگە، چونکە هەولێر ئاوی کەمە؛ بۆیە دەبێتە بەشێک لە چارەسەرکردنی گرفتی ئەو بێ ئاوییە.
پرۆژەی بەنداوی گۆمەسپان/ بەستۆرە کە بە دووریی 35 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژھەڵاتی شاری ھەولێر و لە 20ـی ئابی 2013 دەست بە کارکردن تێیدا کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ