رووداو دیجیتاڵ
لە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانەوە بەهۆی خەرجنەکردنی پارە کارکردن لە رێگەی کەلار - سلێمانی راگیراوە، بەڵام بڕیارە شەممە دەست بە کارکردن بکرێتەوە.
کۆمپانیای بێشکان لە 19-12-2017 دەستی بە کارکردن لە رێگەی کەلار - سلێمانی کرد. پڕۆژەکە 70٪ی تەواو بووە. لەکاتێکدا ماوەی تەواوبوونی 540 رۆژ بوو، بەڵام تائێستا ئەو رێگەیە تەواو نەکراوە.
عوسمان حەمەسەعید، خاوەنی کۆمپانیای بێشکان رۆژی چوارشەممە 17-04-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پارە بۆ پڕۆژەکە خەرج دەکرا، بەڵام پڕۆسەکە خاو بوو و بڕی پارەکەش وەکو پێویست نەبوو، بۆیە لە یەکەم رۆژی رەمەزانەوە کارکردنیان راگرتووە.
بە گوتەی خاوەنی کۆمپانیای بێشکان، لەسەر بەڵێنی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، رۆژی شەممە دەست بە کارکردن دەکەنەوە، "کاک قوباد لەکاتی سەردانی بۆ ئیدارەی گەرمیان سەردانی پڕۆژەکەی کرد. بەڵێنی پێداین لایەنی پەیوەندیدار ئاگاداردەکاتەوە کە پارەی پێویست بۆ پڕۆژەکە خەرج بکرێت و لە رێگەی مەرگەوە بیکەن بە رێگەی ژیان. کارێک بکرێت ئیتر کارکردن رانەگیرێت".
خاوەنی کۆمپانیای بێشکان دەڵێت، "جێگری سەرۆکوەزیران نەیگوت بە دیاریکراوی چەند پارەیان بۆ خەرج دەکرێت، بەڵام بەڵێنی داوە هاوکاریان بێت بۆ ئەوەی گرفتەکانیان چارەسەر بکەن."
بودجەی پڕۆژەکە 137 ملیار دینارە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و خەرج نەکردنی پارە بۆ کۆمپانیاکە، چەندینجار کارکردن تێیدا راگیراوە. خاوەنی جێبەجێکاری پڕۆژەکە دەڵێت، "بایی 97 ملیار دینار کاریان کردووە و تائێستا تەنیا 82 ملیار دیناریان بۆ خەرجکراوە."
عوسمان حەمەسەعید دەڵێت، ئەگەر پارەی پێویستیان بۆ خەرج بکرێت، ئەم ساڵ دەتوانن کارەکان تەواو بکەن، "بەڵام ئەگەر هەموو مانگێک چوار ملیار دینار کەمترمان بۆ خەرج بکەن ناتوانین کاربکەین."
رۆژانە هەزاران کەس لە دەڤەری گەرمیان و پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە رێگەی کەلار - سلێمانی بەکاردەهێنن و بەهۆی زۆریی رووداوەکانی هاتووچۆوە، بە "رێگەی مەرگ" ناسراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ