دانیشتووانی نۆ گوندی کوردنشینی نەینەوا گلەییان هەیە؛ 'بەغدا جیاکاری دەکات لە قەرەبووکردنەوەمان'

19-03-2024
مستەفا گۆران
مستەفا گۆران
 ژمارەی دانیشتووانی ناحیەی عەیازییە زیاتر لە 67 هەزار کەسە
ژمارەی دانیشتووانی ناحیەی عەیازییە زیاتر لە 67 هەزار کەسە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ  

رێگەیەک کە تەنیا شەش کیلۆمەتر درێژە و نۆ گوندی کوردیی لە ناحیەی عەیازییەی رۆژئاوای پارێزگەی نەینەوا بەیەکدی دەبەستێتەوە، وێرانەیە. هەر رێگەکە نییە، بەڵکو دانیشتووانی ئەو گوندانە دەڵێن بەهۆی کوردبوونیانەوە، جیاکاری دەکرێت و قەرەبووی ئاوارەبوونیان پێنەدراوە. 
 
گوندی قەسر سیریچ، گوندێکی کوردنشینە و دووەم گەورەترین گوندی ناحیەی عەیازیەیە، بەڵام تائێستا خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی بۆ دابیننەکراوە، لەسەرووی هەمووشیانەوە زۆربەی دانیشتووانەکەی قەرەبووی ئاوارەبوونیان وەرنەگرتووە. 
 
گوندەکە زیاتر لە 1250 خێزانی تێدا نیشتەجێیە کە ژمارەیان نزیکەی حەوت هەزار کەسە، ئەوان نیگەرانن لە نەبوونی خزمەتگوزاری و توڕەشن لەو جیاکارییەی بەرامبەریان دەکرێت، وەک خۆشیان دەڵێن 'هەموو ئاوارە عەرەبەکانی نەینەوا قەرەبوویان پێدراوە، جگە لە ئێمە.'
 
عەبدولعەزیز خدر، قوتابیی زانکۆیە و خەڵکی گوندەکەیە، بە رووداوی گوت "خەڵکی ئەم گوندە هەمووی ئاوارەی دهۆک، هەولێر و کوردستان بووین، بەڵام دوای گەڕانەوەمان تائێستا دەتوانم بڵێم 1٪ـی قەرەبووی وەرگرتووە و ئەوانی دیکە کەس وەرینەگرتووە؛ هۆکارەکەشی ئەوەیە کەس داکۆکی لە مافەکانمان ناکات. هەموو ئاوارە عەرەبەکان قەرەبوویان وەرگرتووە، تەنها ئێمە نەبێت. جیاوازیێکی زۆر دەکرێت لەنێوان ئێمە و عەرەب لەلایەن سیاسییەکانەوە." 
 
ئیبراهیم محەممەد شێخۆ، دانیشتوویەکی دیکەی قەسر سیریچ بە رووداوی گوت "وێرانکاری هەبوو و تائێستاش قەرەبووی زۆربەی خەڵک نەکراوە بەبیانووی ئەوەی؛ هەموو جارێک لە بەغداوە نووسراو دێت و دەڵێت 'مامەڵەکانتان تەواو نییە.' بەڵام ئەوەی قەرەبووەکەی کەمبووایە وەریدەگرت، ئەویش دەبووایە پارەبدات وەک بەرتیل و هەمووشی بە واستەیە.''
 
ژمارەی دانیشتووانی ناحیەی عەیازییە زیاتر لە 67 هەزار کەسە و 51 گوندی هەیە، 30ـیان عەرەب، نۆیان کورد و 12ـشیان تورکماننیشنن، کورد رێژەی 12٪ـن لە ناحیەکەدا.
 
بەڕێوەبەری عەیازییە ئەوە ناشارێتەوە؛ کەمتەرخەمی لە قەرەبووکردنەوەی گوندە کوردییەکان هەیە و دەشڵێ 'خەتای بەغدایە.'
 
نەشئەت سادق، بەڕێوەبەری ناحیەی عەیازییە بە رووداوی گوت "بەغدا کەمتەرخەمە لە راییکردنی مامەڵەکان. ئێمە، تائێستا زیاتر لە 300 مامەڵەمان بۆیان ناردووە، بەڵام تەنیا 10 مامەڵەیان راییکردووە، ئەویش بە هەوڵی کەسی بووە. لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی لەسەر هێڵین و سێ جار نووسراومان بۆ کردوون و لە هەولێر چاویشم بەوەزیر کەوت، بەڵام هەر کەمتەرخەمن، قەرەبوو هەیە بەڵام بەپێ پێویست نییە."
 
لە ساڵی 2014، پارێزگای نەینەوا کەوتە ژێر دەستی داعش، هاونیشتمانییانی ئەم نۆ گوندە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون و لە ساڵی 2017 گەڕانەوە ناوچەکانیان، بەڵام تاوەکو ئێستا زیاتر لە 90٪ـیان قەرەبووی ئاوارەبوونیان وەرنەگرتووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شارەزوور.

قایمقامی شارەزوور: قوتابخانەمان هەیە 97٪ی کارەکانی تەواوکراوە، بەڵام لەبەر پارەیەکی کەم راگیراوە

رزگار غەفوور، قایمقامی قەزای شارەزوور میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە کێشە و گرفتەکانی سنووری قەزای شارەزووری کردو رایگەیاند، قەیرانی دارایی و گرفتی نەختینەیی گرفتی گەورەی بۆ دروست کردووین، "بەجۆرێک زۆرینەی ئەو پرۆژانەی هەمانن بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە راگیراون".