رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند، هەموو کارەکانی پڕۆژەی پردی تووەقوت لە هەڵەبجە تەواوبوون، بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی کێشەی سیاسی، نەتوانراوە بەردی بناخەی پڕۆژەکە دابنرێت. جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، پار دووجار ئامادەکاری کرا بۆ ئەوەی بەردی بناخەکەی دابنرێت، بەڵام بەهۆی کێشەی سیاسییەوە هەڵوەشایەوە.
رۆژی شەممە، 17-02-2024 وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبکردنی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی پڕۆژەی پردی تووەقوت لە پارێزگای هەڵەبجە بڵاوکردەوە، لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەوڵەکانی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و لەسەر رەزامەندیی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، رەزامەندی بۆ ئەنجامدان و جێبەجێکردنی پڕۆژەکە وەرگیرا.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەڵێت، دوای گرتنەبەری رێکارەکان و نووسراو بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، پڕۆژەی پردی تووەقوت بە رێکاری یاسایی و بەپێی رێنمایی ژمارە (2)ـی ساڵی 2016 خراوەتە پرۆسەی تەندەرینەوە و "ئیحالەی کەمترین نرخ کراوە و بۆ کۆمپانیایەکی خۆماڵی دەرچووە."
بەپێی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، ئەوان لە 2022ـەوە ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و ئێستاش چاوەڕێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانن بۆ دانانی بەردی بناخە و جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە گوتیشی "لەماوەی رابردوودا ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە و خەڵکی خۆشەویستی شارەکە ئاگادارن، کە دووجار ئامادەکاری و پێداویستییەکانی رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەکە دانرا، بەڵام بە هۆکاری سیاسی نەتوانرا بکرێت."
پردی تووەقوت، پارێزگای هەڵەبجە بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دەبەستێتەوە. لە 2008 نەخشە و دیزایینی بۆ کراوە و بودجەشی بۆ تەرخانکرا، بەڵام نەچووە بواری جێبەجێکردن.
لە 01-07-2019 دووبارە بودجە بۆ پردەکە تەرخانکرا، لە 2021 جارێکی دیکە بودجەی بۆ تەرخانکرا و لە مانگی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ درایە دوو کۆمپانیا و بڕیار بوو بە دوو ساڵ پڕۆژەکە تەواوبکرێت، بەڵام تائێستا کارکردن لە پردەکە دەستیپێنەکردووە.
"بەهۆی کێشەی یەکێتی و پارتی بەردی بناخەی پڕۆژەکە دانەنراوە"
لەبارەی راگەیاندنی پڕۆژەکە، کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند "پار، مانگی 10 و 11 تیمی پرۆتۆکۆڵی ئەنجوومەنی وەزیران کۆمپانیایەکیان راسپاردبوو بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکەن بۆ هاتنی بەرپرسانی حکومەت بۆ سنوورەکە و راگەیاندنی بەردی بناخەی پڕۆژەکە، بەڵام هەردوو جار بەبێ روونکردنەوە، ئامێرەکانیان کۆکردەوە و پێیان گوتین، هاتنی سەرۆکی حکومەت دوادەکەوێت و ئێمە پێویستیمان بە ئامێرەکانە، هەرکاتێک ئاگادارکراینەوە ئەوە دووبارە دەگەڕێنەوە."
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی پارێزگای هەڵەبجە، ئەوان لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و بە دیاریکراوی لەگەڵ وەزیری ئاوەدانکردنەوە گفتوگۆیان کردووە بۆ ئەوەی بزانن بۆچی تاوەکو ئێستا دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەی پردی تووەقوت رانەگەیێندراوە.
کاوە عەلی دەڵێت "پێمان گوتراوە بەهۆی کێشەی یەکێتی و پارتی راگەیاندنی دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەکە راگیراوە، هەموو کارەکانی ئەو پڕۆژەیە لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە تەواوبووە، بەڵام تاوەکو ئێستا کێشەکان تەواونەبوونە."
پردی تووەقوت نزیکەی 300 بۆ 350 مەترە و بودجەکەی 28 ملیار بوو، بەڵام کراوەتە 31 ملیار دینار، جگە لە پردەکە رێگەشی لەگەڵە کە 27 کیلۆمەترە. جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت "پێویستبوو پڕۆژەکە بە دوو ساڵ تەواوبکرێت، بەڵام ئەوە چوار ساڵە هێشتا نەکەوتووەتە بواری جێبەجێکردن، لەکاتێکدا لە 15-10-2021ـەوە تەندرین بانگەوازی بۆ کراوە، دەبوو ئێستا پڕۆژەی ستراتیژی دیکە لە هەڵەبجە جێبەجێ بکرایە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ