ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان: هاوکاریی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی هەولێر دەکەین

17-01-2024
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "دوای ئەو هێرشە مووشەکییە ترسنۆکانەی سەر هەولێر و کاردانەوەی تووندی حکومەتی فیدراڵ، هەندێک دامودەزگای سەر بە ئێران دەستیان بە چەواشەکاری کردووە، لە کاتێکدا ئاشکرایە ئەو هێرشە خەڵکی سڤیلی هەرێمی کوردستانی کردووەتە ئامانج."
 
بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشە مووشەکییەکی سەر هەولێر حکومەتی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە کە وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش تێیدا ئەندامە. ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان هەموو هاوکارییەکی ئەو لیژنەیە دەکەن. زۆر ئاشکرایە ئەم هێرشە خەڵکی سڤیلی کردووەتە ئامانج."
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی چوارشەممە 17-01-2024 بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، دوای ئەوەی کاردانەوەی تووند لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بەرامبەر هێرشەکە پێشاندرا، "هەندێک دامودەزگای سەر بە ئێران بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ، وێنەی ساختە و ناپەیوەندیدار دەستیان بە چەواشەکاری کردووە تاوەکو پاساو بۆ کردارە دڕندانەکەیان بێننەوە."
 
هێرشەکەی ئێران کاژێر 11:30ی خولەکی شەوی دووشەممە، 15-01-2024 بوو و لە رێگەی 11 مووشەکەوە بوو. بەو هۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 16ی دیکە بریندار بوون. ئەنجوومەنی ئاسایش جەختی لەوە کردووەتەوە، هێرشەکە بۆسەر خەڵکی سڤیل بووە. 
 
لەبارەی بڵاوکردنەوەی "هەواڵ و وێنەی ساختە" لە دامودەزگەکانی ئێران، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەم هەوڵانەش ناتوانن ئاراستەی رای گشتیی تووڕەی هەرێمی کوردستان و عێراق لە بەرامبەر ئەو تاوان و پێشێلکارییە بگۆڕن."
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەرێمی کوردستان پابەندی دەستوور، یاساکانی عێراق و هەرێمە و ئەو بەشەی هێزی هاوپەیمانانیش کە لە هەرێمی کوردستان هەن بە ئاگاداری و رەزامەندیی حکومەتی فیدراڵییە و پێویستە لە ئاستی ناوخۆی عێراق و نێوەدەوڵەتیش هەنگاوی رژد بنرێت تاوەکو سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان بپارێزرێت و هاووڵاتییانمان لە مەترسیی ململانێ ناوچەییەکان بپارێزین."
 
یەکێک لەو شوێنانەی بە مووشەکەکانی ئێران کرایە ئامانج، ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی، سەرۆکی گرووپی فاڵکۆن بوو کە لەگەڵ کچە بچووکەکەی، میوانێکی و کارگوزارێکی ماڵەکە گیانیان لەدەستدا. هەر لە هێرشەکەدا هانا جووتیار، کە هاوژینی پێشڕەوە، لەگەڵ رەوان پێشڕەو تەمەن 7 ساڵ و رۆژ پێشڕەو کە تەمەنی 25 ساڵە و لەگەڵ باوکی کاری دەکرد، بریندار بوون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.