رووداو دیجیتاڵ
لە کۆی زیاتر لە 101 هەزار دەنگدەری تایبەت لە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی، زیاتر لە 77 هەزار کەس دەنگیان داوە.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی رووداو لە لقی پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی وەرگرتوون، 101 هەزار و 942 کەس بە ئاوارە و هێزە ئەمنییەکانەوە لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی مافی دەنگدانیان لە دەنگدانی تایبەت هەبووە، لەو ژمارەیە 77 هەزار و 321 کەس دەنگیان داوە.
دەنگدانی پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی لە دەنگدانی تایبەت بەمشێوەیە:
پارێزگای هەولێر: 80٪
لە کۆی 20 هەزار و 515 دەنگدەر، 16 هەزار و 578 کەس دەنگیان داوە
پارێزگای دهۆک: 67.6٪
لە کۆی 54 هەزار و 210 دەنگدەر، 36 هەزار و 650 کەس دەنگیان داوە
پارێزگای سلێمانی: 88٪
لە کۆی 27 هەزار و 217 دەنگدەر، 24 هەزار و 93 کەس دەنگیان داوە
لە پارێزگای سلێمانی، لە کۆی 23 هەزار و 402 دەنگدەر لە هێزە ئەمنییەکان، 21 هەزار و 246 کەس دەنگیان داوە کە دەکاتە 91٪. لە ئاوارەکانیش لە کۆی سێ هەزار و 815 دوو هەزار و 847 دەنگدەر دەنگیان داوە کە دەکاتە 75٪.
لە پارێزگای هەولێر لە کۆی 15 هەزار و 492 دەنگدەر لە هێزە ئەمنیەکان 13 هەزار و 424 دەنگدەریان دەنگیان داوە کە دەکاتە 86.6٪. هاوکات لە کۆی پێنج هەزار و 23 هەزار ئاوارە سێ هەزار و 163 کەسیان دەنگیان داوە کە دەکاتە 63٪.
لە پارێزگای دهۆک لە کۆی 54 هەزار و 210 دەنگدەر بە هێزە ئەمنیەکان و ئاوارەکانیشەوە 36 هەزار و 650ـیان دەنگیان داوە کە دەکاتە 67.6٪.
رۆژی شەممە، 16ـی کانوونی یەکەم دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق ئەنجامدرا کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەبوو بۆ دەنگدانى تایبەت.
هەرچەندە دەنگدانی تایبەت بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بەڵام لە سێ پارێزگای هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە 48 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو. لەو ژمارەیە جگە لە ئاوارەکان، پێشمەرگە، پۆلیس، پاسەوانی سنوور، زێرەڤانی و پۆلیسی هاتووچۆ هەن، کە خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن.
بڕیارە 18ى کانوونى یەکەم دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى 15 پارێزگاى عێراق بکرێت، کە یەکەمجارە لەدواى 10 ساڵ لە 14 پارێزگا و یەکەمجاریشە لە دواى 18 ساڵ لە کەرکووک بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ