پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەیاسای چاکسازی دەکات

16-12-2019
زریان حاجی
نیشانەکردن پرۆژەیاسای چاکسازی پەرلەمانی کوردستان بێسەرپەرشتان
A+ A-
رووداو – هەولێر
 
بەگوێرەی بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمان، ئەمڕۆ دووشەممە پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەیاسای چاكسازی دەكات و پاشان ئاراستەی لێژنە تایبەتمەندەكانی دەكات. پەرلەمانتارانیش پێشبینی دەكەن پەسەندكردنی پرۆژەیاساكە زۆر نەخایەنێ‌.
 
پرۆژەیاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان، رۆژی چوارشەممەی رابردوو 11-12-2019 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند كرا و پاشان ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كرا. بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكات.
 
جەلال محەممەد ئەمین، بڕیاردەری لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە تەنیا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەیاساكە دەكرێ‌، پاشان ئاراستەی 7 لێژنەی تایبەتمەند لە پەرلەمان دەكرێ‌. ئەوان گفتوگۆی لەسەر دەكەن و تێبینی خۆیانی لەسەر دەڵێن".
 
بەپێی مادەی 84 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، 21 رۆژ لە پێش لێژنە پەیوەندیدارەكانە بۆ ئەوەی راپۆرتی خۆیان لەسەر پرۆژە یاساكە ئامادە بكەن. جەلال محەممەد دەڵێت: "ئەگەر هیچ شتێكی لەناكاو نەیەتە پێش، پێشبینی دەكەین لە ماوەی یەك مانگدا خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ بكرێ و دەنگی لەسەر بدرێت".
 
پەرلەمانتاران هەر لە ئێستاوە خۆیان بۆ گفتوگۆیەكی گەرم لەسەر پرۆژە یاساكە ئامادە كردووە، چونكە دەڵێن چاوەڕوانیی ئەوان زیاتر بوو لەوەی لە پرۆژە یاساكەدا هاتووە.
 
هیڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆكی لێژنەی دارایی و كاروباری ئابووریی پەرلەمانی كوردستان دەڵێ: "هەندێ بابەت لە پرۆژە یاساكەدا هەن كە پێویستە روونكردنەوەی زیاتری لەسەر بدرێ".
 
عەباس فەتاح، جێگری سەرۆكی لێژنەی یاسایی تێبینی لەسەر دەرماڵەكان هەیە و دەڵێت: "كاتی خۆی بە حكومەتمان گوت كە ئاخۆ دەرماڵەكان چییان لێدێ‌، تا بزانین خەڵك لێی زەرەرمەند دەبێ یان نا، بەڵام پێیان راگەیاندین كە لێژنەی بۆ دادەنێن، ئێستا لە پرۆژەكەدا ئەم بابەتە بە وردی باس نەكراوە".
 
هەر لەوبارەوە سۆران عومەر، ئەندامی لێژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بە سێ خاڵ دەدات كە ئەو پێیوایە لە یاساكەدا باس نەكراون، ئەوانیش كەمترین مووچەی خانەنشینی كە دەبێ 400 هەزار دینار كەمتر نەبێ. پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران لە پڕۆژە یاساكەدا جێی نەكراوەتەوە. هەروەها بابەتی خانەنشینی هێزەكانی ئاسایش و ناوخۆ كە غەدرێكی گەورەیان لێدەكرێ‌، چونكە بە 215 هەزار خانەنشین دەكرێن".
 
هیڤیدار ئەحمەد پێیوایە دەبێ‌ مەسەلەی خانەنشینی بە تایبەتی خانەنشینی سەربازی رێكبخرێتەوە، چونكە بە گوتەی ئەو حكومەت 246 هەزار خانەنشینی سەربازی و مەدەنی هەیە، ئەمەش گەندەڵییەكی زۆری تێدایە و دەبێ چارەسەر بكرێ.
 
مانگی شوباتی ساڵی رابردوو پرۆژە یاسای چاكسازی لە مووچە و خانەنشینی دەرماڵە و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە پەرلەمان پەسەند كرا، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی لەبارەی كەمیی مووچەی خانەنشینی فەرمانبەران و زۆریی خانەنشینی پلە باڵاكان پرۆژەكە گەڕێنرایەوە بۆ حكوومەت.
 
بە گوێرەی پرۆژە یاساكە، لەمەودوا خانەنشینی پەرلەمانتاران مەرجدار دەكرێ‌ و دەبێ‌ پەرلەمانتار 45 ساڵی تەواو كردبێ‌ و 15 ساڵ خزمەتی هەبێ‌ ئینجا خانەنشین دەكرێ‌.
 
جەلال محەممەد دەڵێت: "لە رابردوودا دادپەروەری كۆمەڵایەتی كەم بوو، ئێستاش بۆ خانەنشینی پلە باڵاكان ئەو رێژەیەی لە یاساكەدا دیاریكراوە ئێمە و بەشێك لە پەرلەمانتاران پێمان زۆرە و دەبێ كەم بكرێتەوە. ئێمە پێمانوایە ئەو بنەمایەی بۆ مووچەی خانەنشینان دانراوە، زۆرە، مووچەیەكمان پێ باشە كە هیچ نەبێ دوو هێندەی مووچەی فەرمانبەرێكی ئاسایی بێت، بۆ نموونە فەرمانبەر هەیە 58 ساڵ خزمەتی هەیە بە تەسدیقی وەزارەتی ناوخۆ 420 هەزاری بۆ دەرچووە، ناكرێ پەرلەمانتارێك كە چوار ساڵ خزمەتی هەیە 5 ملیۆنی بۆ دەربچێت".
 
پەرلەمانتاران لەو باوەڕەدان ماددە هەشتی یاساكە كە تایبەتە بە "نەهێشتنی سوودمەندبوون لە جارێك زیاتر لە بودجەی گشتی" زۆرترین گفتوگۆی لەسەر بكرێ‌.
 
عەباس فەتاح دەڵێت: "خانەنشینی پلە نزمەكان لە پرۆژە یاساكەدا باس نەكراوە و زۆر مەغدوورن، پێموایە ئەمە یەكێك دەبێ لەو خاڵانەی زۆرترین پەرلەمانتار قسەی لەسەر دەكەن، هاوكات یاسای خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ كە زۆر داوا دەكرێ گۆڕانكاری تێدا بكرێ، لەگەڵ پاشەكەوتی مووچە كە دەبێ تەئمیناتێك بۆ گەڕانەوەی ئەو پاشەكەوتەی فەرمانبەران هەبێ".
 
هەروەها جەلال محەممەد دەڵێت: "مادە 8ی پرۆژە یاساكە گفتوگۆی زۆری لەسەر دەكرێ، دەبێ میكانیزمێكی كردەیی بۆ بدۆزرێتەوە تا بتوانین ئەو خانەنشینانە ببڕین كە نایاسایین".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاسمانی هەوراوی ئەمڕۆی دهۆک. وێنە: نایف رەمەزان - رووداو

کەشناسی: ئەمڕۆ باران دەبارێت و سبەی پەڵەهەور دەبێت

بۆ رۆژی شەممەش 21ـی ئەیلوولی 2024، کەشناسیی هەرێمی کوردستان روونیکردووەتەوە: "ئاسمان لە نێوان نیمچەهەور و پەڵەهەوردا دەبێت، پلەی گەرما بە گشتى کەمێک بەرز دەبێتەوە، تەنیا لە سنوورى ناوچەکانى پارێزگاى دهۆک نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ هەینی."