رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان قوتابییە یەکەمەکانی دەرچووی 12ـی ئامادەیی ساڵی خوێندنی 2022-2023 خەڵات کرد و گوتی، "خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم و جێگەی شانازییە ئەمڕۆ لە نێو ئەم ژمارە قوتابییەم و زیاتر دڵخۆشم کە قوتابییانەی شاری کەرکووکی دڵی کوردستان لەگەڵمـاندان."
رۆژی چوارشەممە 16-08-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای خەڵاتکردنی قوتابییە یەکەمەکانی 12ـی ئامادەیی لە گوتارێکدا رایگەیاند، "پێش دەستپێکردنی گوتارەکەم، دەمەوێت بڵێم ئەمڕۆ 16ـی ئاب، ساڵڕۆژی لەدایکبوونی رابەرمان سەرۆک بارزانی، هەروەها ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانە. پیرۆزبایی گەرمی خۆم ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی و هەموو کوردستانییەکی بەشەرەف و نیشتیمانپەروەر دەکەم."
بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسرور بارزانی، پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی پارتی و سەرجەم لایەنگرانی ئەو حیزبە کرد.
لەبارەی خەڵاتکردنی قوتابیان، سەرۆکوەزیران گوتی، "خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم و جێگەی شانازییە ئەمڕۆ لە نێو ئەم ژمارە قوتابییە بەتوانایەدام. زیاتریش دڵخۆشم کە قوتابییە یەکەمەکانی شاری کەرکووکی دڵی کوردستان لەگەڵماندان. دەستخۆشی و پیرۆزبایتان لێ دەکەم کە زۆر سەرکەوتووانە ئەم قۆناخەی خوێندنتان تەواوکرد و هەنگاو بەرەو قۆناخێکی زانکۆیی دەنێن."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی دایک، باوک، کەسوکار و مامۆستایانی قوتابییانی کرد کە بە هەموو شێوەیەک پاڵپشت و یارمەتیدەریان بوون و گوتی، "ئومێدی بەختەوەری و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم لە هەموو قۆناخەکانی داهاتووی ژیانتاندا. کەرتی پەروەردە و فێرکردن هەمیشە جێگەی بایەخی من و ئەنجوومەنی وەزیران بووە، لە دۆخە سەختەکانی وەکو سەردەمی کۆرۆنا و رەوشە سەختەکانی ئابووری و داراییدا هەوڵمانداوە هەموو تواناکانمان بخەینەکار تاوەکو ئەم کەرتە بەردەوام بێت. بۆیە دەستخۆشی و پێزانینمان ئاراستەی هەوڵەکانی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن و وەزیری پەروەردەش دەکەین."
لەبارەی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی دەڵێت، "مامۆستاکانمان هەمیشە نموونەی کەسانی خۆڕاگری کۆمەڵگەکەمان بوون و سەرباری هەموو سەختییەکان سەنگەری پیرۆزیی پەروەردە و فێرکردنیان چۆڵنەکرد و ئەم هەڵوێستەیان جێگەی سوپاس و پێزانینە. لە هەموو بوارەکاندا دیدگەیەکی روونمان بۆ ئایندەی کوردستان هەیە. بۆ داهاتوو کوردستانێکی پێشکەوتووی خاوەن ئابوورییەکی فرەچەشن و خاوەن کشتوکاڵێکی پێشکەوتوو و خاوەن ژینگەیەکی خاوێن و نیشتمانێکی ئاوەدانمان دەوێت."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتێکیان دەوێت خاوەن ژێرخانێکی بەهێز بێت، سەقامگیر بێت و هەموو لایەک تێیدا بە بەختەوەری، رێز و ئاشتییەوە بژین و دەشڵێت، "بەڵام دەزانم ئەمانە بەبێ سیستمێکی بەهێزی پەروەردە و فێرکردن ئەستەمە. بۆیە هەمیشە جەختم لەسەر گرنگی پێشخستنی ئەم بوارە کردووەتەوە بە تایبەتی جیا لە فێرکردنی زانست جەخت لەسەر گرنگی پەروەدە دەکەمەوە. هەمیشە لەگەڵ شاندی ئەو وڵاتانەی ئەزموونی سەرکەوتنیان لەم بوارەدا هەیە، گفتوگۆ دەکەم و جەخت لەسەر هاوکاری بۆ ئەم بوارە و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەوان دەکەم ئەگەر خوا یار بێت بە پاڵپشتی لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵ دەدەین هەنگاوی کرداری بدەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ