رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "سبەی لە بەغدا داوا دەکەین کە بە زووترین کات مووچەی مانگی حوزەیران بنێرن" و ئاماژە بەوەش دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان تێبینی لەبارەی یاسای بودجەی عێراق هەیە، بەڵام ئامادەیی دەربڕیوە هەموو ئەو پابەندییەی لە ئەستۆیدایە جێبەجێ بکات.
رۆژی یەکشەممە، 16-07-2023 ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لەبارەی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، مووچەی مانگی شەش و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی عێراق بۆ میدیاکان قسەی کرد.
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند، "بەردەوام سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەکردووەتەوە کە کاری لەپێشینەی حکومەت مووچەیە؛ بۆیە 5ـی ئەم مانگەش نووسراوی فەرمیمان بۆ عێراق کرد و زۆرجاریش لە ماوەی هەفتەیەکدا وەڵامیان دەداینەوە، بەڵام ئەمجارە وەڵامیان دواکەوتووە. دەبوو لە چەند رۆژی رابردوودا مووچەی هەرێمی کوردستانیان ناردبا، بەڵام هۆکاری نەناردنی نازانین. سبەی دووبارە داوا دەکەین کە بە زووترین کات مووچەی مانگی حوزەیران بنێرن و ئەو بابەتە تێکەڵ بە هیچ بابەتێک نەکرێت."
ئومێد سەباح دەشڵێت،"دوای ئەوەی داوای مووچەی مانگی شەشمان کرد، دەچینە سەر شایستە داراییەکانی مانگی حەوتیش و دەبێت حکومەتی عێراق ئەوەش بنێرێت."
لیژنە لەبارەی جێبەجێکردنی بڕگەکانی نێو یاسای بودجە پێکهێندراوە
ئومێد سەباح دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی جێبەجێکردنی خاڵەکانی یاسای بودجە بڕیاریانداوە لەلایەن هەردوولاوە لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی ئەرک و پابەندییەکانیان لە یاسای بودجە پێکبهێندرێت بۆئەوەی بە بڕیاری تاکە کەسی هیچ لایەنێک بڕیار دەرنەکرێت.
بە گوتەی ئومێد سەباح، ئەو لیژنەیەی لەلایەن هەرێمی کوردستان پێکهێنراوە لە سەرۆکی دیوان، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، دیوانی چاودێری دارایی، بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی، بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی پلاندانان پێکهێندراوە و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە دەسەڵاتی تەواویان پێدراوە.
حکومەتی عێراقیش لیژنەی پێکهێناوە. ئومێد سەباح دەڵێت، لە دوو رۆژی رابردوودا سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی پێکهێناوە کە نووسینگەی سەرۆکوەزیران خۆی سەرپەرشتی ئەو لیژنە و دەکات و پێکدێت لە وەزارەتی دارایی، وەزارەتی نەوت، دیوانی چاودیری فیدراڵی و وەزارەتی پلاندانانی عێراق.
بە گوتەی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە چەند ساڵی رابردوودا ئەزموونی زۆریان هەبووە کە ناکرێت بڕگەکانی نێو بودجە بۆ رۆتینی وەزارەتەکان جێبهێڵدرێت و هەندێک بڕگە پێویستی بە بڕیاری سیاسی و هەندێکی دیکە پێویستی بە بڕیاری سیادی هەیە؛ بۆیە ئەو دوو لیژنەی پێکهێندراون لەوبارەوە کاری خۆیان دەکەن و چاودێری جێبەجێکردنی بڕگەکانی نێو یاسای بودجە دەبن.
شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەست بە کۆبوونەوەکانی دەکات
ئومێد سەباح دەڵێت، "ئەو لیژنەیەی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە پێکهێنراوە سبەی کاژێر 10:00ـی بەیانی یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی حکومەتی فیدراڵی عێراق لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵی دەستپێدەکات کە کۆمەڵێک فایلمان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی گفتوگۆیان لەبارەوە بکەین، لەوانە دارایی و نەوت بۆ ئەوەی وردبینی تەواو بکرێت لە داهاتی نەوتی و نانەوتی. لەلایەن داراییشەوە کارمان لەسەر ئەوە کردووە کە پشک و شایستەکانی هەرێمی کوردستان کە لە بودجە دیاریکراوە، بەشێوەی مانگانە بگاتە دەستی هەرێمی کوردستان."
بە گوتەی ئومێد سەباح، چی دیکە لە بەغدا تەنیا داوای مووچە ناکەن، بەڵکو داوای کۆی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن و دەڵێت،" ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە کە هەموو ئەو پابەندییەی لە یاسای بودجە لەسەرمانە جێبەجێ بکەین سەرەرای هەبوونی تێبینی یاسایی، چونکە ئێمە تێبینی نادەستووریبوونی هەندێک لە بڕگەکانمان هەیە و بۆ ئەوەش رێکاری یاساییمان گرتووەتەبەر و لە دادگەی فیدراڵیی عیراق تانەمان لە بودجە داوە، بەڵام هاوتەریب لەگەڵ ئەوە دەبێت تاوەکو ئەنجامی تانەکان دێتەوە و دوای ئەوەش، کاری خۆمان بکەین."
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "سەبارەت بە ناردنی بەشە بودجەی مانگانەی هەرێمی کوردستان، میکانیزمێکی دیاریکراو دانراوە و سبەی لەگەڵ تیمی حکومەتی عێراق گفتوگۆی لەبارەوە دەکەین؛ بۆ ئەوەش لێکتێگەیشتنی باش هەیە و دەمانەوێت چەند رۆژێک لە بەغدا بمێنینەوە بۆ ئەوەی هەموو ئەو بابەتانە بکرێنە کۆنووس و بچنە وەزارەتەکان و جێبەجێ بکرێن."
"داوای هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانمان کردووە"
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، پێش جەژنی قوربان تیمێکی هاوبەش لەنێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی تورکیا کۆبوونەوە و داوامان کرد هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە، بەڵام وا دیارە حکومەتەکانی عێراق و تورکیا هەندێک داواکارییان لە یەکدی هەیە؛ بۆیە نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک."
بە گوتەی ئومێد سەباح، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان باس دەکەن و داوا دەکەن دەستپێبکاتەوە و دەڵێت، "باسی دوو سیناریۆش دەکەین. ئەگەر هەناردەی نەوت دەستی پێکردەوە چۆن مامەڵە لەگەڵ شایستەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین. ئەگەر دەستی پێ نەکردووە چۆن مامەڵە دەکرێت کە لە یاسای بودجە باسکراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ