رووداو - هەولێر
لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان روونکردنەوەیەک لەبارەی خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی دهۆک بڵاودەکاتەوە و داوا دەکات بەزووترین کات رۆژنامەنووسە دەستبەسەرکراوەکان ئازادبکرێن و پێویستییە رۆژنامەنووسییەکانیان بۆ بگێڕنەوە.
ئەمڕۆ شەممە 16-05-2020 لە شاری دهۆک، لە پارکی ئازادی ژمارەیەک مامۆستا و چالاکڤان بۆ داواکاری مووچە گردبوونەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی مۆڵەت، رێگەیان پێنەدرا و ژمارەیەک خۆپیشاندەر دەستگیرکران.
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە روونکردنەوەکەیدا کە ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت "ئەمڕۆ لەکاتی خۆپیشاندانی ژمارەیەک لە مامۆستایان فەرمانبەرانی پارێزگای دهۆک هێزەکانی پۆلیس ژمارەیەک لە رۆژنامەنووسیان دەستگیرکرد و دەستیان بەسەر پێداویستییە رۆژنامەوانییەکانیاندا گرت بەبێ هیچ پاساوێکی یاسایی کە ئەمە بەپێشێلکردنی یاسای ژمارە 35ی رۆژنامەگەری ساڵی 2007 هەرێمی کوردستان دادەنرێت کە رێگرە لە راگرتن یاخود بەندکردنی رۆژنامەنووس لەکاتی جێبەجێکردنی کاری رۆژنامەنووسیدا".
سەندیکای رۆژنامەنووسان ئاماژە بەوە دەدات، پاش چەندین هەوڵی دڵسۆزانەی لقی دهۆکی سەندیکای رۆژنامەنووسان بۆ ئازادکردنیان، بەڵام بەرپرسانی بنکەی پۆلیسی "نزارکێ" رەتی بەشداری پارێزەری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کردەوە لە ئامادەبوون لە لێکۆڵینەوە لەگەڵ سێ لە رۆژنامەنووسە دەستبەسەرەکان و نەیانهێشتووە نوێنەری سەندیکای رۆژنامەنووسان بچێتە نێو بنکەی پۆلیسەوە.
سەندیکای رۆژنامەنووسان ئەم کارەی پۆلیسی نزارکێ بە "هەڵسوکەوتێکی نایاسایی" دەزانێت و دەڵێت، داوا لە لایەنە بەرپرسەکانی دهۆک دەکەین بەزووترین کات رۆژنامەنووسە دەستبەسەرەکان ئازادبکەن و پێداویستییە رۆژنامەنووسیەکانیان بۆ بگێڕنەوە.
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا هاتووە، دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان و هەڵسوکەوتی " نابەرپرسانە" لەگەڵ نوێنەری سەندیکای دهۆک ئیدانە دەکەین.
ئەنجوومەنی مامۆستایانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی دهۆک بڵاوکردەوە و رایگەیاند، چەند کەسێکیان لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ دەستگیرکراون و داوا دەکەن بەزووترین کات ئازادبکرێن.
جیهاد دۆسکی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بەشداری لە هەواڵەکانی کاژێر 08:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی دهۆک دەستگیرکرابوون ئازادکراون، تەنیا سێ کەسیان ماون ئازادبکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ