زانکۆی سلێمانی: پێویستە لەسەر ئاستی حکومەت هەوڵێک بدرێت بۆ خەرجکردنی دەرماڵە

16-04-2024
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

یاریدەدەرێکی سەرۆکی زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، دوای ناردنی مووچە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان، پێویستە لەسەر ئاستی حکومەت ئیرادە و هەوڵێکی جیدی بدرێت بۆ خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکاران. 
 
رۆژی سێشەممە، 16-04-2024، د. پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا دەرماڵەی سێ مانگی 2022 و شەش مانگی 2023 لە خوێندنی ساڵی 2022-2023 دابەشنەکراوە، ئەوە جگە لەوەی هیچ دەرماڵەیەکی ساڵی نوێش خەرجنەکراوە."
 
بە گوتەی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، هەموو دەرماڵەکان کراونەتە چەک، لە وەزارەتی خوێندنی باڵاش بڕیاری خەرجکردنی دراوە، ئەوەی ماوەتەوە پێویستە لەسەر ئاستی حکومەت، وەزارەتی دارایی و بانک هەوڵ بدرێت بۆ خەرجکردنی دەرماڵە. 
 
د. پێشڕەو حەمەجان خەرجکردنی دەرماڵەی بە مافێکی رەوای خوێندکاران نێوبرد و گوتی، ئێستا مووچە لە بەغداوە دەنێردرێت و رێکخراوە، بۆیە پێویستە دەرماڵەش خەرجبکرێت، بەتایبەتی لە زانکۆی سلێمانی ئەوە دوو ساڵە هیچ دەرماڵەیەک دابەشنەکراوە.
 
لە زانکۆی هەڵەبجە شەش دەرماڵەی خوێندنی 2022-2023 دابەشنەکراوە، ئەوە جگە لەوەی هیچ دەرماڵەیەکی ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024 دابەشنەکراوە. 
 
د. مەهاباد کامیل، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دەرماڵەی شەش مانگی خوێندنی ساڵی 2023 لە خوێندنی ساڵی 2022-2023 دابەشنەکراوە، ئەم ساڵیش واتا لە ساڵی خوێندنی 2023-2024یـش هیچ دەرماڵەیەک دابەشنەکراوە. 
 
لە زانکۆی دهۆک حەوت دەرماڵەی خوێندنی 2022-2023 تاوەکو ئێستا خەرجنەکراوە، ئەوە جگە لە خەرجنەکردنی دەرماڵەی ساڵی 2023-2024. 
 
مەروان فەندی، بەڕێوەبەری ژمێریاریی زانکۆی دهۆک بە رووداوی گوت، بڕیار بوو لە مانگی ئادار دەرماڵەی مانگی 12ـی 2022 و 1ـی 2023ـی خوێندکاران دابەشبکەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارە لە بانک نەتوانراوە دابەشبکرێت. 
 
بەڕێوەبەری ژمێریاریی لە زانکۆی دهۆک گوتی، لە مانگی دوو دەرماڵەی دوو مانگ (10 و 11ـی 2022) دابەشکراوە، بڕیار بوو مانگی ئادار دەرماڵەی دوو مانگی دیکە (12ـی 2022 و 1ـی 2023) دابەشبکرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارە لە بانک نەتوانراوە دابەشبکرێت. 
 
بە گوتەی مەروان فەندی، چاوەڕوانن هەر کاتێک پارەیان بەدەستبگات دابەشی دەکەن. 
 
زانکۆی سەلاحەدین جیاواز لە هەموو زانکۆکانی دیکە زۆربەی دەرماڵەکانی دابەشکردووە و لە خوێندنی 2022-2023 تەنیا چوار دەرماڵەی دابەش نەکردووە. 
 
سۆران عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری دارایی سەرۆکایەتی زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سەلاحەدین دەرماڵەی مانگەکانی 3، 4، 5 و 6ـی 2023 دابەشنەکراوە، بەڵام بڕیارە لە یەک بۆ دوو هەفتەی داهاتوو دوو دەرماڵە دابەشبکرێت. 
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری دارایی سەرۆکایەتی زانکۆی سەلاحەدین، ئەو چوار مانگە کراوەتە چەک و هەموو ئامادەیە تەنیا ماوە پارەیان بۆ سویلە بکرێت. 
 
لەبارەی خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندنی ساڵی 2023-2024، سۆران عەبدوڵڵا دەڵێت، هیچ دابەشنەکراوە. 
 
بڕی پاڵپشتییە داراییەكە 40 هەزار دینارە بۆ خوێندكارانی نێو شار و 60 هەزار دینارە بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار.
 

 

 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.