شاندێکی سەرۆکایەتی و حکومەت لەگەڵ کۆمسیۆنی عێراق کۆبوونەوە

16-01-2024
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای راوێژ بە لایەنە سیاسییەکان و بەگوێرەی خشتەی کۆمیسیۆن رۆژی هەڵبژاردن دیاری دەکرێت. سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقیش دەڵێت، "خۆمان بۆ هەموو ئەگەرەکان (یەک بازنەیی- فرەبازنەیی) ئامادەکردووە، بۆیە لەو وادەیەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاریی دەکات باشترین هەڵبژاردن دەکەین."
 
رۆژی سێشەممە، 16-01-2024، شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە سەرۆکایەتیی دادوەر عومەر ئەحمەد محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆن، کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆکردن بوو لەبارەی دیاریکردنی وادەیەکی گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
 
دوای کۆبوونەوەکە دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و دادوەر عومەر ئەحمەد محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان رێکخست و هەر لە سەرەتای کۆنفرانسەکە و پێش قسەکردن لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشەکردنە سەر هەولێری کرد. 
 
"هەموو رێگایەکی رێگەپێدراوی دەستووری و یاسایی لە دژی هێرشەکان دەگرینەبەر"
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بە ناوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکارەکانی قوربانییانی ئەو هێرشە تیرۆریستییە گەورە ناهەقەی کرایە سەر پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکەین."
 
دڵشاد شەهاب گوتیشی، "نیگەرانی قووڵی خۆمان دەردەبڕین و داوا دەکەین هەرچی زووە دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی فیدراڵی و دەسەڵاتە فیدراڵییەکان بە هاوکاری لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەنگاوی پێویست بنێن بۆ رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی بەزاندنی سیادە و سنووری عێراق و تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایش و ئارامی عێراق."
 
کاژێر 11:30ـی خولەکی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، بە مووشەک و درۆن هێرشکرایە سەر شاری هەولێر و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 16ـی دیکە برینداربوون، هەر زوو دوای رووداوەکە سوپای پاسداران هێرشەکەی لە ئەستۆگرت. 
 
دڵشاد شەهاب گوتی، "نیگەرانین لەوەی خەڵکی سڤیل کراونەتە ئامانج و نیگەرانی قووڵمان هەیە لەو پشێوییەی دروستکراوە و هیوای سەلامەتی بۆ برینداران دەخوازین. ئێمە [هاووڵاتییانی] هەرێم[ـی کوردستان] و میلەتێکی مەزڵوومین، بەڵام خۆڕاگرین، ئەمە یەکەم و دوایین هەڕەشە نییە لەسەر هەرێمی کوردستان، بەڵام باوەڕمان بە بوونی خۆمان و خۆڕاگری میلەتمان هەیە و ئەمەی دەکرێت بابەتێکی سیادییە و ئەوانەی بڕوایان بەوە هەیە کە عێراق یەکپارچەیە و هەرێمی کوردستان بەشێکە لەو پارچەیە، دەبێت خەمێکی زۆر بخۆن بۆ پاراستنی سیادەی ئەم وڵاتە." 
 
رۆژی شەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چووە بەغدا و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک و سەرکردە سیاسییەکانی عێراق کرد. 
 
دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو هێرشە درۆنییانەی لەماوەی چەند مانگی رابردوو کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان گوتی، "ناردنی ئەم درۆنانە بۆ هەرێمی کوردستان، ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی عێراقیش تێکدەدەن، چونکە هەمووی بەیەکەوە بەستراوەتەوە و ناکرێ ئەمانە لە یەکتر جیا بکرێنەوە."
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لە دوایین سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لەبارەی رووداو و هێرشەکانی دیکە کە دەکرانە سەر هێزی پێشمەرگە و بەرژەوەندی هاووڵاتییان بەتایبەتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، زۆر بەڕاشکاوی پەیام بە لایەنە سیاسییەکانی عێراق و دەسەڵاتی ئیتحادی گەیێندراوە کە ئەوەی دەکرێت سەردەکێشێت بۆ ناسەقامگیری لە عێراق بەشێوەیەکی گشتی."
 
بۆ پاراستنی سەروەری هەرێمی کوردستان، دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەکرد، هەموو رێگایەکی رێگەپێدراوی دەستووری و یاسایی  دەگرنەبەر و گوتیشی، "دەست بە هەنگاوەکانمان دەکەین، سەرەتاش دەبێت لەگەڵ میلـلەتی خۆمان بۆ پاراستنی بەرژوەندی هاووڵاتییانمان یەکدەنگ و یەک دەست بین، دەبێت لایەنە عێراقییەکانیش وەڵامێکی دروستیان هەبێت
ئایا پاراستنی سەروەری ئەم خاکە لە ئەستۆی کێ دایە؟"
 
لەبارەی هەنگاوی زیاتری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، دڵشاد شەهاب گوتی، "هەموو ئەم پرسانە لە نێوان دەوڵەتەکان یاسای نێودەوڵەتی و رێککەوتنی دراوسێتی رێکیخستوون، کۆماری ئیسلامی ئێران نوێنەرایەتی لە هەرێمی کوردستان هەیە و بە فەرمی کۆنسوڵی هەیە و بەرژوەندی هاوبەش هەن، بۆیە دەبێت هەڵوەستەیەکی جیدی لەسەر ئەم پرسە بکرێت و هەنگاو بە هەنگاو بە دوای دەچین."
 
 
"دوای راوێژ بە لایەنە سیاسییەکان و بەگوێرەی خشتەی کۆمیسیۆنی عێراق رۆژی هەڵبژاردن دیاری دەکرێت" 
 
بڕیار بوو 25ـی شوباتی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. لەوبارەوە دڵشاد شەهاب گوتی، "25ـی شوبات بەڕێککەوتن و گفتوگۆ لەگەڵ کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژارنەکان و لایەنە سیاسییەکان دیاریکرا، بەڵام لەبەر هەندێک هۆکار کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئێمە و کۆمیسیۆن بوو، ناتوانن لەو وادەیە هەڵبژاردن بکەن، بۆیە کۆمیسیۆن بە نووسراوێکی فەرمی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردەوە کە ناتوانن لەو کاتە هەڵبژاردن بکەن."
 
لەبارەی کۆبوونەوەکە، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی، "کۆبوونەوەیەکی باش و لێکتێگەیشتنێکی باش هەبوو، ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن دەستیپێکردووە و ئێمەش هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی خۆمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەڵام لە ماوەی داهاتوو بەستراوین بە هەندێک کاتەوە، چونکە مانگی تەممووز ماوەی یاسای کۆمیسیۆن تەواو دەبێت و کۆتایی ساڵی خوێندنە، بۆیە دەبێت کاتێکی باش دیاری بکرێت بۆ ئەوەی ئەو پڕۆسەیە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت."
 
دڵشاد شەهاب باسی لەوەشکرد، "بێگومان سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پرس و رایەک بە لایەنە سیاسییەکانیش دەکات چونکە ئەمە پرسێکە پەیوەندی بە هەموو لایەکەوە هەیە و دواتر بەپێ یاسای و بە گوێرەی خشتەی کارکردنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژێک بۆ هەڵبژاردن دیاری دەکات."
 
"بە یەک بازنە و فرە بازنەیش ئامادەین هەڵبژادن بکەین"
 
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکایەتیی دادوەر عومەر ئەحمەد محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە رایگەیاند، "کۆبوونەوەکە زۆر بەرهەمدار و باش بوو، گفتوگۆمان لەسەر ئەو خشتەیە کرد کە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دانراوە، لە کاتێکی گونجاودا وەکو کۆمیسیۆن ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە جوانترین شێوە و پاک و بێگەردی بەڕێوەببەین."
 
بە گوتەی سەرۆکی کۆمیسیۆنی عێراق، ئەنجامنەدانی هەڵبژادن لە 25ـی شووباتی ئەم ساڵ لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەوان بووە. دەشڵێت، " ئەو سکاڵاش کە لە دادگەی فیدراڵی تۆمارکراوە ئێمە لایەنگرنین تەنیا وەکو کەسی سێیەم بۆ روونکردنەوە داخیلکراوین و نوێنەرەکەمان هەموو روونکردنەوەیەکی ئامادەکردووە و وەڵامی پرسیاری دادگە دەداتەوە."
 
حاکم عومەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان خۆیان بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەکردووە بۆ فرە بازنە و یەک بازنەش، بۆیە لەو وادەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەی دەکات "باشترین" هەڵبژاردن دەکەن. گوتیشی، "وەکو کۆمیسیۆن ئەزموونێکی باشمان هەیە و دوو هەڵبژاردنمان کردووە هەڵبژاردنی 2021 و 2023 کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بووە و بە سوود وەرگرتن ئەو ئەزموونە باشترین هەڵبژاردن دەکەین."
 
سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەوان لە رووی لۆجیستی،  ئیداریی و هونەر ئامادەی هەڵبژاردنن، بەڵام بۆ هەموو پڕۆسەیەکی هەڵبژاردن خشتە دادەنێن کاریشیان لەسەر ئەو خشتەیە کردبوو کە بۆ 25ـی شووبات دانرابوو، بەڵام لەم ماوەیە هەندێک ئاڵەنگاری و بابەت روویدا کە چاوەڕوانکراو نەبوو."
 
حاکم عومەر ئەحمەد گوتیشی، "ئێمە لە 31ـی 12ـی 2023ـەوە ئەو پارەی لەلایەن حکومەتی شیاع سوودانی تەرخانکراوە هاتووەتە سەر هەژماری کۆمیسیۆن جگە لەوەش ئەو داوای کە هەیە لە دادگەی فیدراڵیی عێراق نایشارینەوە تائێستا وێنەکە روون نییە، بەڵام لە هەموو بارودۆخێک لە ماوەیەکی نزیک داواکەش کۆتایی دێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.