رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆدەبێتەوە. گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ هەموو لایەنەکان دەکرێت و کۆمیسیۆن کاتی پێویستی خۆی دەخاتەڕوو، دواتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی هەڵبژاردن دیاری دەکات."
رۆژی سێشەممە 16-01-2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆمیسیۆنی عێراق پێش ماوەیەک ئاگاداریان کردینەوە کە ناتوانن لە کاتی دیاریکراو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن و بۆ ئەوەش هۆکار و بیانووی خۆیان خستەڕوو، بۆیە رێککەوتین لە هەولێر کۆببینەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کاتێکی دیاریکراو و گونجاو بەگوێرەی داتای بەردەست."
دوێنێ شاندێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق گەیشتنە هەولێر. گوتەبیژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هەر دوێنێ لەگەڵ ئۆفیسی خۆیان لە هەولێر و تەنانەت لەگەڵ ئێمەش کۆبوونەوەیان کردووە، بڕیارە ئەمڕۆش لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ و پەروەردە و چەند لایەنێکی دیکەی بەرپرس کۆببینەوە."
لەبارەی دیاریکردنی رۆژێک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دڵشاد شەهاب گوتی، "کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بۆ ئەوە نییە رۆژی هەڵبژاردن دیاری بکرێت کۆمیسیۆنی عێراق خشتەیەکی ئامادەکردووە لەبارەی ئەوەی چەند کاتی پێویستە بۆ ئەوەی کارەکانی تەواوبکات و بتوانێت هەڵبژاردن بکات، ئەمڕۆ تاوتوێی ئەو خشتەیە و ئامادەکاریی و پێویستییەکانی هەڵبژاردن دەکەین و دواتر ئەوەی دەمێنێتەوە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنە کە ئەوەیان دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەو دیاری دەکات."
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، کۆمیسیۆنی عێراق ئەمڕۆ دوا وادەی خۆیان دەخەنەڕوو کە چەند کاتیان پێویستە، بۆ ئەوەی لە ئێستاوە دەست بە ئامادەکارییەکان بکرێت، هەرچەندە بەشێک لە کارەکانیان تەواوکردووە، "دەبێت ئێمەش ئەوەیان بۆ روونبکەینەوە کە لە بۆشایەکی گەورەی یاساییداین" و دواتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی هەڵبژاردن دیاری دەکات.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووجار رۆژی هەڵبژاردنی دیاریکرد، بۆ یەکەمجار رۆژی 1/10/2022 وەک رۆژی ئەنجامدانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستنیشان کرا، بەڵام دواتر نەتواندرا لەوکاتە هەڵبژاردن بکرێت و بۆ جاری دووەم 25یـی شوباتی 2024 وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاریکرا، بەڵام دووبارە نەتواندرا لە کاتی خۆی هەڵبژاردن بکرێت.
لەوبارەوە گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەکو ئەرکی یاسایی خۆی دەبوو رۆژی هەڵبژاردن دیاری بکات بۆیە لەکاتی خۆیدا رۆژی هەڵبژاردنی دیاریکردووە و ئەو ئەرکە یاساییە جێىەجێکراوە و هەموو کارەکانی دیکەش لە ئەستۆی سەرۆکایەتی نییە و لایەنی دیکەی پەیوەندیداریش هەن، بەڵام ئەمجارە لەسەر هەموو لایەنەکان هەڵسەنگاندن دەکەین بۆ ئەوەی دووبارە نەکەوینە بارودۆخێکی لەوشێوەیە و لەکاتی خۆی هەڵبژاردن بکرێت."
لەکاتی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن بەردەوام سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، رای لایەنە سیاسییەکان وەرگیراوە و گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە. لەبارەی دیاریکردنی کاتی نوێی بۆ هەڵبژاردن دڵشاد شەهاب دەڵێت، "هەر بڕیاێک لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە دەربکرێت و پەیوەندی بە بارودۆخی گشتییەوە هەبێت هەمیشە رای لایەنەکان وەردەگیرێت، بیروبۆچوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وایە کە لەو بابەتانە دەبێت رای حزبەکان وەربگیرێت."
رۆژی دووشەممە 15-01-2024، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بە رووداوی گوت، لە کۆبوونەوەکە سەرجەم پێداویستییەکانی یاسایی، هونەری، لوجیستی، دارایی، کات، باس دەکرێن. گوتیشی: "رۆژی 21ـی ئەم مانگە کۆبوونەوەی دادگەی فیدراڵی لەبارەی سکاڵایەکی پەیوەست بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش هەیە و ئەوەش لە کۆبوونەوەکەدا لەبەرچاو دەگیرێت."
لەبارەی هۆکاری ئەوەی بۆچی ناتوانن لە مانگی داهاتوودا هەڵبژاردنەکە بەڕێوەببەن، عیماد جەمیل گوتى، بەوکاتەی لەبەردەستتدا ماوە، ناتوانرێت رێکارەکان تەواو بکرێن کە لە خشتەى کارى کۆمیسیۆن هاتووە و فریا ناکەوێت، ئەویش بەهۆى یەکلانەبوونەوەى سکاڵاى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لە دژى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.
دادگەى باڵاى فیدراڵى لە 21ـی کانوونى دووەمى 2024، دانیشتنێکى دیکە دەکات بۆ تاوتوێکردنى سکاڵایەک کە لە دژی یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێشکێش بە دادگەکە کراوە.
عیماد جەمیل دەڵێت، "دەبێت ئەو پرسە لە دادگە یەکلابکرێتەوە تاوەکو کۆمیسیۆن بزانێت بە فرە بازنە یان یەک بازنە هەڵبژاردنەکە بەڕێوەدەبات، چونکە ئەو پرسە ئامادەکاریى دەوێت و رێکارەکانى جیاوازن."
سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراوە، یەکێک لەو ماددانەى تانەى لێدراوە تایبەتە بە شێوازى بازنەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ