رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی پارێزگای کرماشان رایگەیاند لە 9 مانگی رابردوودا 500 رووداوی تەقەکردن لە شاری کرماشاندا روویداوە. پۆلیسی کرماشانیش هۆشداری دەدات و دەڵێت رێکارە یاساییەکان بەرامبەر تەقەکەرەکان تووندتر دەکرێن.
پەرویز تەوەسولی زادە، داواکاری گشتیی کرماشان، دەڵێ: هەر یەک لەو 500 رووداوەی تەقەکردن دەیتوانی ببێتە هۆی کوژرانی کەسێک و رووداوی تاڵی لێبکەوێتەوە، بۆیە ئەگەر ئەم دیاردەیە کۆنترۆڵ نەکرێ لە داهاتوو کێشە دەخوڵقێنێت.
تەوەسولی زادە داوای لە پۆلیس کردووە، بەرەنگاری "تاوانبار و تەقەکەرەکان" ببێتەوە، چەکی نایاسایی کۆبکاتەوە و چاودێریی وردتری ئەو شوێنانە بکرێت کە سەرچاوەی تاوانن و تەقەی زۆریان تێدا دەکرێت.
عەلی ئەکبەر جاویدان، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کرماشان، هۆکاری تەقەکانی گەڕاندووەتەوە بۆ ناکۆکی خێزانی یان خێڵەکی و داوایکرد لە رێگەی ریشسپی، پیاوماقوڵ و گەورەکانی خێڵەکانەوە ناکۆکییەکان کەم بکرێتەوە، بەمجۆرە دەتوانن رێگری لە هۆکاری تەقەکردنەکان بکەن.
عەلی ئەکبەر جاویدان گوتی: رێکارە یاساییەکان بەرامبەر تەقەکەرەکان دەبێت تووندتر بکرێن. داواشی لە دەزگای داد کرد، وەک بەشێک لە رێگری لە تەقەکردن، سزای قورستر بەسەر سەرپێچیکاراندا بسەپێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ