رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە شەش مانگی سەرەتای 2022دا زیاتر لە سێ ملیۆن گەشتیار تۆمار کرابوون؛ لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ژمارەکە بۆ زیاتر لە چوار ملیۆن گەشتیار بەرزبووەتەوە.
رۆژی یەکشەممە 15-10-2023 ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە شەش مانگی پاردا سێ ملیۆن و 112 هەزار گەشتیار و سەردانیکار لە شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کورستان تۆمار کرابوون؛ لە شەش مانگی ئەمساڵدا ژمارەکە بۆ زیاتر لە چوار ملیۆن و نیو گەشتیار و سەردانیکار بەرزبووەتەوە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار، گەشتیاران زیاتر لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دێن؛ بەشێکیشیان لە شارەکانی هەرێمی کوردستانەوە دێن کە ئەوان سەردانیکارن؛ گەشتیاری بیانیش هەن، "پێشتر گەشتیارانی بیانی 15% بۆ 18%ی گەشتیاران بوون، بەڵام یەک بۆ دوو ساڵە ژمارەکە بۆ زیاتر لە 25% بەرزبووەتەوە."
ئیبراهیم عەبدولمەجید دەڵێت، پلانی هەشت ساڵیان داناوە و ئامانجیان ئەوەیە ساڵ دوای ساڵ ژمارەی گەشتیاران زیاد بکەن؛ پار ئامانجەکە شەش ملیۆن گەشتیار بوو، بەڵام شەش ملیۆن و 35 هەزار تۆمار کران؛ بۆ ئەمساڵیش ئامانجەکە زیاتر لە شەش ملیۆن گەشتیارە.
"15%ی ژمارەی گەشتیاران گەشتیاری زستانەن"
بە گوتەی ئیبراهیم عەبدولمەجید، 15%ی ژمارەی گەشتیاران ئەوانەن کە لە وەرزی زستاندا سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن و گوتی، پێشتر گەشتیاری "تاک" وەرزە لە هەرێمی کوردستان هەبوو، بەڵام "چەند ساڵێکە ئەو قۆناخەمان تێپەڕاندووە و لە تەواوی وەرزەکان گەشتیار هەیە، بەڵام لە وەرزێک بۆ وەرزێک دەگۆڕێت و تاوەکو ئێستا وەرزی زێڕین هاوینە."
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ وەرزی زستان دەستیان بە ئامادەکاری کردووە و چەندین چالاکی و فێستیڤاڵ رێکدەخرێن، چونکە لەو وەرزەش ژمارەیەکی زۆر گەشتیار سەردانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
نابێت کۆمپانیا گەشتیارییەکان پارە لە گەشتیار وەربگرن
رۆژی دووشەممە 17-07-2023 دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی وەرگرتنی پارە لەلایەن کۆمپانیا گەشتیارییەکانەوە بڵاوکردەوە و گوتی، "هیچ بڕە پارەیەک لە گەشتیاران وەرناگیرێت لە بەرامبەر هاتنە ژوورەوەیان بۆ سەیرانگە، هاوینەهەوار و شوێنە گەشتیارییەکان."
لەوبارەوە ئیبراهیم عەبدولمەجید دەڵێت، "ئەو بابەتە لەلایەن میدیاکانەوە بە هەڵە رۆیشت. مەبەستەکە کۆمپانیا گەشتیارییەکان بوو نەوەک شوێنە گەشتیارییەکان، چونکە ئەو شوێنانەی کە پارە وەردەگرن بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، ئەوەش لە بەرامبەر ئەو خزمەتگوزارییانەیە پێشکێش بە گەشتیارەکان دەکرێت."
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار، "بەشێک لە کۆمپانیاکان کە لە خواروو و نێوەڕاستی عێراق گەشتیار دەهێنن، بە نموونە کە بۆ بێخاڵیان دەبەن، پێش گەیشتن بە شوێنەکە داوای پێنج هەزار دینار لە گەشتیارەکان دەکەن لەبەرامبەر چوونە ژوورەوەیان، تەنانەت هەندێک کات وایان لە گەشتیاران دەگەیاند ئەو داهاتە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ